زێڕ ئەو خشڵەیە كە حەز و ئاواتی زۆربەی ئافرەتانە و وەك كەرەستەیەكی جوانكاری بۆ رازاندنەوە بەكاری دەهێنن، هاوكات وەك كانزایەكی گرانبەهاش جێگەی بایەخ و گرنگیپێدانی هەمووانە، بۆیە لە هەموو شارێك ناوچەیەك، یان شوێنێكی گشتیی تایبەت بۆ كڕین و فرۆشتن و چاككردنی زێڕ تەرخان دەكرێت، لە كوردستان و لە شاری هەولێر، بەشێكی زۆری دووكانەكانی قەیسەری تایبەتن بە زێڕ، زێڕی كوردستان زیاتر لە توركیا و وڵاتانی كەنداو هاوردە دەكرێن، سەرەتا زێڕی شكاو دەكڕدرێت، یان هاوردە دەكرێت، پاشان بە ئامێر و بەهۆی گەرمكردن دەتوێندرێتەوە و دواتر دەكرێت بە قاڵب، یان ئەو شێوە و نەخشەی كە دەمانەوێت. خواستی خەڵك زیاتر لەسەر زێڕی خەلیجییە، كە یەكێكە لە جوانترین جۆرەكانی زێڕ، ئێستا بە دوو جۆر زێڕ لە قاڵب دەدرێ و دروست دەكرێت، یەكێكیان بە دەستە، كە ماوەیەكی زۆری دەوێت، رێگەی دووەمیش بەهۆی كارگەی پێشكەوتووە و لە ماوەیەكی كەمدا ئامادە دەكرێت. ئامێرە مۆدێرنەكانی ئێستا پێیان دەگوترێت (هەلاشە) كە جوانترین كاری چاككردنەوەی زێڕ دەكەن، ئەوەی پێی دەگوترێت (دەستحەق) ئەو كارەیە كە زێڕی شكاوی پێ دەكرێت بە قاڵب و پاشان نەخش و نیگاری بۆ دەكرێت، یان زێڕی دەستكرد دەهێندرێت و دەتوێندرێتەوە و پاشان دەكرێتە نەخش و شێوازی دیكە. نرخی زێڕ جێگیرە و بەندە بە رەوشی ژیانی گشتی و باری ئاسایشەوە، لە كاتی بوونی شەڕدا، زێڕ هەرزان دەبێت و لە كەشی ئاشتی و خۆشیدا نرخەكەی بەرز دەبێتەوە، كە كێشی لە (19) مسقاڵەوە تا (400)ـە، وەك دەگوترێت زێڕ كەرەستەیەكە بۆ رۆژی تەنگانە هەڵدەگیرێت، یان بۆ جوانكاری بەكاردەهێنرێت.