خانمە دیكۆریست ماریام شانت:
March 8, 2020
رەنگا و ڕەنگ
خانمە دیكۆرێست ماریام شانت، ماوەی چەندین ساڵە خەریكی كاری دیكۆر و دیزاینە، سەدان دیكۆری بۆ شوێنی گشتی و ئاهەنگ و بۆنە و كۆمپانیاكان داناوە، جگە لەو دیكۆرانەشی كە جێگیرن، هەروەها دیزاین و دیكۆری كاتی ئامادە دەكات، لە یەكێكە لە پێشەنگەكانی بواری دیزاین و دیكۆرەكان، چەند پرسێكمان ئاراستە كرد و بەمجۆرە بۆ گوڵان دوا.
* تەمەنت چەندە و لە دایكبووی چ شوێنێكیت و بڕوانامەی چیت هەیە؟
- تەمەنم (20) ساڵە، ئێستا قوتابی بەشی ئەندازیاریی دیزاینم (ئەندازیاری دیكۆر) لە كۆلێژی تیشك، خۆم ئەرمەنیم و بنەماڵەم لە شاری ئەرمەنەوە هاتوون، بەڵام من لە دایكبووی شاری مووسڵم و ئێستاش لە هەولێر دادەنیشم.
* مەرج و بنچینەكانی دیكۆر، یان دیزاینەر چین و چۆن بیرت كردەوە ئەو كارە بكەیت؟
- گرنگە دیكۆرێست هەست و سەلیقە و هونەری تەنسیق و خێرایی لە كار و بیركردنەوەدا هەبێت، پەیوەندیی گشتیی بەهێز بێت و كەسایەتیەكی كۆمەڵایەتی بێت و بتوانێت شتەكان كۆنتڕۆڵ بكات، پسپۆڕی گرنگە، بەڵم لەو بوارەدا كاری دەستكرد لە بڕوانامە گرنگترە، دەبێت كەسێكی سەربەخۆ بێت و زۆربەی كاتەكانی بەو كارەوە خەریك بكات و گرنگیی تەواوی پێ بدات.
* لە چ پڕۆژە و كارێكدا بەشداریت كردووە؟
- دیكۆری گشتی وەك دیكۆر ماڵ و نووسینگە و هۆتێل و بەردەم باڵەخانەكان و شوێنە گشتییەكان، لە هەموو ئەو بوارانە كارم كردووە، هەروەها لە پیشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر ساڵی 2017 كاری نمایشی كۆمپانیاكانم كردووە، چەندین هۆتێل و باڵەخانەی كۆمپانیام دیزاین كردووە، جگە لەوانەش دیكۆری سەدان ئاهەنگی هاوسەرگیریم داناوە لە هەموو شارەكانی كوردستان، وەك هەولێر و دهۆك و كەركووك.
* ئایا بیرۆكەی دیزاین و دیكۆر لە كۆمەڵگەی رۆژهەڵات خواستی لەسەرە و سەركەتوو دەبێت؟
- كۆمەڵگەی رۆژهەڵات ساڵ بە ساڵ پێش دەكەوێت، پێشكەوتنی بەرچاویش لە بواری دیكۆر و دیزایندا بەدی دەكرێت، چونكە بوارێكی گەورە و كراوەیە، بە خێرایی تەشەنەی كردووە، بۆیە لەگەڵ جیاوازی لە بیرۆكەدا جێگەی قبوڵی رای گشتییە.
* سیفاتەكانی دیكۆریست، یان دیزاینەر چین؟
- بە رای من، پێویستە دیكۆریست ئارام بگرێت، رای كەسانی دیكە وەربگرێت، تەنانەت لە كاتی هەڵەكردنیشدا پێویستە رێز لە هەست و بیرۆكەی كەسانی دیكە وەربگرێت و جێگەی متمانە بێت، هێزی كۆنتڕۆڵكردنی بەهرەكانی هەبێت و زیرەك و لێهاتوو بێت، كاتی هەبێت، پاك و خاوێن بێت، تا موشتەری كارەكەیان بە دڵ بێت.
* ئایا بە كەرەستەی خۆماڵی و دەستكردی خۆمانە كادەكەیت؟ یان كار بە كەرەستەی بیانیش دەكەن؟
- بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا لە كوردستان هەموو كەرەستەیەك هەیە، لە دیكۆرەكاندا زیاتر كەرەستەی خۆماڵی بەكار دەهێنم، وەك دار و ئاسن و شووشە، هەندێ جاریش كەرەستەی دەرەوە و هاوردە بەكاردەهێنم.
* ئەگەر كاری دیزاین و دیكۆریستت نەكردایە، لە چ بوارێكی دیكەدا سەركەوتوو دەبووی؟
- لە تەمەنی (10) ساڵییەوە حەزم بەو كارە بووە، لە تەمەنی (15) ساڵییەوە دەستم بەو كارە كردووە و تاكە بوارە كە حەزی پێ دەكەم، بڕوا ناكەم بواری دیكەم بەدڵ بێت، جگە لە كاری دیكۆر، تەنیا ئاواتم ئەوەیە بڕوانامە لەو بوارەشدا بەدەست بهێنم.
* ئایا تا ئێستا بووە كە لەكاتی دانانی دیكۆردا، لەگەڵ موشتەری دوچاری كێشە و گرفت ببیتەوە؟
- لە سەرەتای دەستبەكاربوونم لەو بوارەدا، دوچاری زۆر كێشە هاتم، بەڵام لەگەڵ شارەزابوونم و شارەزایی لە كار و مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵك، ئێستا كێشەكان بە دەگمەن روودەدەن، منیش دەمەوێت موشتەرییەكان دوای دیكۆردانان لێم رازی بن، چونكە هەست و خواستی خەڵك جۆراوجۆرە، بۆیە دەمەوێ بە هەر رێگەیەك بێت، لەگەڵ داواكارەكاندا بگەمە رێككەوتن، ئێنجا بە دووبارە چاككردن بێت، یان گۆڕانكاری لە دیكۆرەكەدا.
* كێ زیاتر هاندەرت بووە بۆ ئەو كارە؟
- ئەوەی كە هانی داوم ئەو كارە بكەم، سەرەتا خێزان و دایك و باوكم بوون، كە جێگەی سوپاسگوزاریی منن، ئەوان هەنگاو بە هەنگاو تا ئەمڕۆش لەگەڵمدان، بەپێی كاتیش كەسانێكی زۆر لە هاوڕێیان و مامۆستایان و داواكاران و موشتەرییەكانم هانم دەدەن، هەروەها هەوارادارانیشم لە سۆشیال میدیا، هەمیشە دەستخۆشیم لێ دەكەن.
