خشڵ و ئێكسسوارەكانی قژ بەستن، هێندە زۆرن كە جیاوازی لە شێوە و مۆدەكانیشیاندا بەدی دەكرێت، بەهۆی زۆریی خشڵەكانەوە لە هەڵبژاردنی بەشێك لەم خشڵانە خانمان دوودڵ دەبن، بەتایبەت لەگەڵ گۆڕانكاری لە وەرزەكاندا كە پێویستە كەرەستەكانیش گۆڕانكارییان بەسەردا بێت، ئەوانەی قژیان درێژە، بۆ بەستنی قژ پێویستیان بە كەرەستی تایبەت دەبێت، ئەوانەشی قژیان كورتە، دەكرێت ئەو خشڵانە وەك كەرەستەی جوانكاری بەكاربهێنن. لەم وەرزەدا كە بەرەو كۆتایی وەرزی زستان دەچین، گۆڕانكاری لە كەشوهەوادا روو دەدات، رۆژانی ساماڵ زیاتر دەبێت و خۆر دەردەكەوێت، بۆیە وەك خانمێك بۆئەوەی پرچت زیاتر رازاوە و سەرنجڕاكێش بێت، پێویستت بە جۆرە ئێكسسوارێكی قژبەستن دەبێت، كە لە دوورەوە دەربكەوێت. لە نمایشی (ئیلیسیا و ئۆلیڤیا) تەواوی نمایشكاران بە تەوقە و قوماش و ئێكسسواری قژبەستنی رەنگ سوور ستەیجەكانی نمایشیان رازاندەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی رەنگی سوور لە دوورەوە دیارە و كاتێكیش خشڵی رەنگ سوور لەسەرت دەدەیت، مۆدێكی سەرنجڕاكێش و شیكی دەبێت.