رێنمایی پاككردنەوەی كەرەستەكانی ناوماڵ

رێنمایی پاككردنەوەی كەرەستەكانی ناوماڵ
جوانیی دیكۆر و دانانی كەرەستەی گرانبەها و شیك لە ناوماڵدا، بەتەنیا ئامانجی پسپۆڕانی جوانكاری و دیكۆری ماڵ نییە، بەڵكو پاك و خاوێنییش لەگەڵ دیكۆردا هەنگاوێكی گرنگە، چونكە ئەگەر تەنانەت كەرەستەكان بە جوانترین دیكۆر و شێوازیش دانرابن، بەڵام كە پاك نەبن، جوانییان لە دەست دەدەن، هەندێك كەرەستە و كەلوپەل كە لە ماڵەكەتدا هەن، بەردەوام پێویستیان بە خاوێنكردنەوە هەیە، وەك: ئۆڤن، یان مایكرۆوەیڤ، كاتێك ئۆڤن بەكار دەهێنیت بەهۆی ئەوەی خواردنی تێدا ئامادە دەكرێت، یان بۆ گەرم كردنەوە بەكار دەهێندرێت، هەڵم و چەوریی خواردنەكە دەكەوێتە سەر دوگمە و لێوارەكانی ئۆڤنەكە، بۆیە پاككردنەوەی گرنگە و فەرامۆشی مەكە. پاككردنەوەی ژێر دەستشۆرەكانی نێو ژووری چێشتخانە، كە كاریگەرییان لەسەر ناخۆشكردنی بۆنی ژوورەكە دەبێت و پێویستە زوو زوو پاك بكرێنەوە. ئامێری قاپشۆرین، ئەویش بە پێویستییەكی رۆژانە دادەنرێت و پێویستە هەردەم بۆنخۆش و خاوێن بێت. دەسك و بەشەكانی دەرگا و پەنجەرەكانیش زوو زوو پیس دەبن، بۆیە پێویستە هەفتانە پاك بكرێنەوە. رەفەكانی نێو ئامێری بەفرگر و ساردكەرەوەش ماك دەگرن، بۆیە هەفتەی جارێك پێویستیان بە پاككردنەوە هەیە. گسكی كارەبایی، ئەویش زووزوو پیس دەبێت و پێویستە پاك بكرێتەوە.
Top