شێتەكان بە كەسانی پیرۆز دادەنرێن

شێتەكان بە كەسانی پیرۆز دادەنرێن
ئەوانەی باری دەروونییان بە هەر هۆكارێك تێكچووبێت، یان رەوشی ژیان وای لێكردبن كە بە شێت ناو ببردرێن، جگە لەوەی ئەوانە لە بارێكی دەروونیی جیاوازدان، هەروەها سەرچاوەی خۆشی و پێكەنین و قسە خۆشیی خەڵكانی دیكەن، شێتەكان بەردەوام لە نێو كۆمەڵگە و لە شوێنە گشتییەكاندا هەن و بە كەسانی خۆشەویست ناو دەبردرێن و لەلایەن خەڵكەوە هاوكاری دەكرێن، چەندین نموونە هەن، لەوانەش هەیاسە شێت، كە بە ئەسڵ هەولێرییە و كوورەچی بووە و سەرۆكێ شێتان بوو، وەك سەرگوزەشتەیەكیش یەكێك لە خزمەكانی خۆی دەڵێت كە شەوێك هەیاس خۆی هاویشتبووە ناو گۆمێك بۆمەلەوانی و جنۆكە دەستیان لێ وەشاندووە بۆیە شێت بوو، هاوكات جەردیسە شێت، هەبوو كە بەردەوام لەدەوروبەری مزگەوتی مەحمود عەلاف بوو، واتە نیزیك پارێزگاری هەولێری ئێستا، پیرداودە شێت، شێتی ناسراوی قەڵات، حەسەنە شێت كە بەردەوام لە ئیسكان بوو، حەسەن پەنجاو پێنج، كە هەمیشە حەزی دەكرد لە دەرگای ماڵان بدات و رابكات، حەمیدە شێت كە بە بەغیرەتترین شێت دادەنرێت و زۆر ئازا بوو، هاوكات حەمەدەمینە شێت برای حەمیدە شێت، جومعە شێت لە نزیك نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری دەژیا و تەنیا بە جووڵە خەڵكی دەترساند، عەمۆ جەلیل فەڕاش و بەردەست بوو لە فەرمانگەی مەعمەل مافوور، مەمەدە شێت لە گەڕەكی خانەقا و بیرێژیان بوو و بەردەوام لە بەردەم مزگەوتی مەلا مەحمود كە لیكی دەمی رانەدەوەستا و بەردەوام سەتڵێكی بوو و دەرۆزەی دەكرد، تەحسینە قوولی كە دانیشتووی گەڕەكی خانەقای بوو حەزی بە خڕكردنەوەی گوش و تەنەكەو قۆدی بوو! كەسێكی زۆر غەریب و بێ زەر بوو و دەگوترا لە ترسی عەسكەری خۆی شێت كردووە، بەرخۆكە یان بەخۆكە لە ئەسڵداناوی (بەكر بەگ) بوو خەڵكی گوندی شیرێی ناوچەی خۆشناوەتی بوو، بەڵام بە زۆری لە سیتاقان دەگەڕا و دەسوڕایەوە، شێتێكی قسە خۆشبوو ناوی هەمووشێتەكانی هەولێری دەزانی و ئەگەر دەفلست بدایە پێی یەكسەر تەسبیحەكەی دەردهێناو دنكەكانی دەژمارد و هەردانەو ناوی شێتێكی دەگوت، دارا شێت یەكێكی دیكە لە شێتەكان بوو كە خێل بوو و بەژنێكی لاواز و پرچێكی درێژی هەبوو، دەگوترا دوژمنداربوو بۆیە خۆی شێت كردبوو، شاكرە شێت ئەویش كەسێكی بێ زەرەر و لە رادەبەدەر غەریب بوو، یاهوو دەروێش نەجمەددین ئەویش خەڵكی كورانی عەنكاوە بوو بەردەوام دەف و شمشێرێكی لە دەستبوو بە دەف لێدانەوە زیكری دەخوێند، ئەكرەمە شێت پیاوێكی درێژی شەرواڵ كورت بوو، كەسێكی بوو، لەبەرەخۆیەوە پرتە پرتی دەكرد و بەپێ دەهات و دەچوو، مام ئەكرەمی شەرواڵ لەچۆك كە لە تڕافیكی ئیسكان نزیك هۆڵی میدیا دەرۆزەی دەكرد، دواهەمین كەس لەو شێتانە ئافرەتێك بوو بە ناوی (كەسك و سۆر) كە پیرەژنێك بوو جلكی رەنگاوڕەنگی لەبەر دەكرد.
Top