قێزەونترین تیرۆر لە مێژوودا كوشتنی «قەیسەر یولیوس» بوو بە چەقۆ، ئەو ساتەی كە قەیسەر تێیدا تیرۆركرا بە سەختترین و دژوارترین سات دادەنرێت لە مێژوودا، چونكە هەموو ئەو كەسانەی كە قەیسەر متمانەی پێ دەكردن خیانەتیان لێ كرد و دەستیان لەگەڵ دوژمنەكانی قەیسەر تێكەڵكرد و پلانیان بۆ كوشتنی داڕشت، لە كۆبونەوەیەكدا بڕیاریاندا هەریەكە و بەجیا چەقۆیەك لە قەیسەر بدات تا بیكوژن. داڕشتی ئەم جۆرە پلانەش بۆ ئەوبوو كە هەمووان بە لێدانی چەقۆیەك بەشداری لە كوشتنەكەدا بكەن و لەدوایدا هیچ كەسێك بەتەنیا پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ نەكرێت. ئەگەرچی لەساتی تیرۆركردنەكەیدا قەیسەر 23 چەقۆی لێدرا بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆی بەدەستەوە نەداو هەر لەسەر پێیەكانی وەستا و شەڕی لەگەڵ دەكردن، تا ئەوكاتەی قەیسەر»بروتوس»دەبینێت كە هاوڕێی تەمەنی و گیانی بەگیانی خۆی ببووە، بۆیە لەو ساتەدا بە لاشەیەكی پڕ لە برین و خوێناوییەوە بەرەو لای «بروتوس»ی هاوڕێی دەڕوات، بەو ئومێدەی كە ببێتە فریادڕەسی و لەو دۆخە ڕزگاری بكات، هەربۆیە بە دڵێكی پڕ لە ئومێدەوە دەستی لەسەر شانی هاوڕێكەی دادەنێت و بە چاوێكی پڕ لە تكا و ئارامییەوە سەیری دەكات، بەڵام ئەوەی چاوەڕوانی نەدەكرد روو دەدا و «بروتوس»ی هاوڕێشی وەكو ئەوانی دیكە چەقۆیەكی لێدەدات، دوای بینینی ئەم دیمەنە «قەیسەر یولیوس» دەڵێت: ئەی «بروتوس» تەنانەت تۆش خیانەتت لێ كردم، كەواتە با بمرێت قەیسەر، لەم ساتەدا قەیسەر تەسلیمبوونی خۆی ڕادەگەیەنێت و دەكەوێتە سەر زەوی.