بازاڕ و دووكانەكانی جارانی دەوروبەری قەڵای هەولێر

بازاڕ و دووكانەكانی جارانی دەوروبەری قەڵای هەولێر
شاری هەولێر بە بازاڕە ناودارەكەی بەناوبانگە و رۆژانەش بەشێكی زۆری خەڵك بە مەبەستی شت كڕین و گەڕان و پیاسەی ناوشار روو لەو بازاڕە دەكەن، جارانیش چەندین دووكانی بەناوبانگ هەبوون و لێرەوە دەكرێت ئاماژەیان پێ بكەین، كە بریتی بوون لە: سەرەتا لە دەرگای لای چایخانەی مەچكۆ تا دەگاتە ئەو دەرگایەی لای مەحكەمەی كۆنی هەولێر هەمووی دووكان بوون، یەكەم دووكانیش شوێنی دارتاشیی (مام بەلال و مام عەباس) بوو، لە دوای ئەوانیش سەرتاشخانەی (نەسرەت حەلاق و رەفعەت حەلاق) بوون، لە دوای ئەوان چەرەزاتفرۆش هەبوون و دواتریش دووكانی (ئیبۆ بەربەر) كە جگە لە سەرتاشی دەستێكی باڵای لە چارەسەركردنی سووتان و سوننەتكردنی منداڵاندا هەبوو، لەوێشەوە بەرەو ناوەڕاستی شەقامەكە مەیفرۆشێكی لێ بوو تەنیا جۆری (مستەكی و موسەیەح)ی دەفرۆشت، ئەوەی تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتر بوایە، پێیان نەدەفرۆشت. هەندێكی دی دەرۆیشتی كتێبخانەی (ئەلعەسكەری) هەبوو، كە هەر بە ناو كتێبخانە بوو، مام عەبوڵا پایسكلچیش هەبوو، بریكاری پایسكلی (الحدباء) بوو كە باشترین پایسكل بوو. لەو شوێنەی ئێستای پەیكەرەكەی (گیوی موكریانی) چاپخانەی لێ بوو، كۆتادووكانیش وێنەگری (النیل) بوو، لای دەستی چەپی چایخانەی مەچكۆ (تۆمارگای هەڵمەت)ی لێ بووە و لەوێش بەولاوە هەمووی دووكان بووە. كارگەی (ساڵح سیفۆن)یش لەوێ بووە و لە تەك ئەو دكتۆری ددانساز (دكتۆر رەووف) نۆرینگەی هەبووە، لەویش بە دواوە چایخانە و دووكانی (مامە خەیات) و كەمال حەلاق تا دەگەیشتە ئەو سەر دووكانی (وەستا جەودەت حاجی ئەسعەد)ی لێ بووە كە بەرامبەر گەرماوی (عەلی ئاغا) بووە. جاران هەموو ئۆتۆمبێل و ئامانەكان هەربەو شەقامەدا هاتوچۆیان كردووە كە (شەقامی موزەفەریە)یە، بەڵام كە شار قەرەباڵغ بوو، حكومەت فەرمانی تێكدانی ئەو دووكانانەی دەركرد، كە كەوتبوونە نێوان چایخانەی مەچكۆ تا دەگاتە دەرگای باكووری قەڵا، بەردەم چایخانەی مەچكۆش بەرزایی بووە و ئەویش لەگەڵ ئەو ماستەرپلانی نۆژەنكردنەوەی بازاڕ، ئەو بەرزاییەش نەماوە. بۆ پەڕینەوەش شارەوانی چەند شوێنێكی دیاری كردبوو، كە بە بۆیاغی سپی نیشانیان كردبوون، هەركەسێك پابەند نەبوایە بە شوێنی پەڕینەوە (500 ) فلس واتە (نیو دیناری ئەوكات) غەرامەیان دەكرد.
Top