سەرەتای فەلسەفە

سەرەتای فەلسەفە
بۆ ئەوەی قسە لەسەر سەرەتای سەرهەڵدانی فەلسەفەی سەرەتایی و نوێ بكەین، دەبێت باس لەو شتانە بكەین كە هەن و سەرەقەڵەمی پێدابهێنین، هەروەها لەبارەی ژیانی كۆمەڵێك لە خواوەندەكانەوە بدوێین كە ڕۆڵ و كاریگەریی زۆریان لەسەر ژیان هەبووە و بە درێژایی سەدان ساڵ لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دی باسی خوداكانیان دەماودەم گێڕاوەتەوە.
لە یۆناندا خوداكان ناویان (زیۆس و ئەپۆلۆن و هیڕا و ئەسینا و دیۆنیسۆس و ئەسكلیپۆس و هیراكلس و هیفایستۆس) بووە، كە ئەمانە بەشێكی كەمی خوداكانی ئەو سەردەمەی یۆنانییەكان بوون و ناوی چەندین خودای دیكەش هەبوون، نزیكەی حەوت سەد ساڵ پێش لە دایكبوونی مەسیح زۆرینەی ئەفسانەكانی یۆنان لە لایەن «هۆمەر و هێسیۆد»ـەوە نووسراونەتەوە، ئەمەش حاڵەتێكی تەواو نوێی خولقاند و هەر خێرا پاش نووسینەوەی ئەفسانەكان بواری گفتوگۆكردن لەسەریان بەركەماڵ بوو. فەیلەسووفە سەرەتاییەكانی یۆنان رەخنەیان لە باسە خوداییەكانی «هۆمێر « دەگرت و دەیانگوت: «خوداكان تا رادەیەكی زۆر لە مرۆڤ دەچن و وەك مرۆڤیش جێگەی باوەڕ نین»، بۆ یەكەمین جاریش گوتیان لەوانەیە ئەفسانەكان تەنیا مەزەندەكردنی خەڵك بن و هیچی دی.
دەتوانین لە لای «زەینۆفانیس»ی فەیلەسووف نموونەی یەكەمین رەخنە ببینین كە لە ئەفسانە گیرا، ئەم فەیلەسووفە لە دەوروبەری ساڵی «570»ی پێش زایین ژیاوە و گوتوویەتی كە خەڵكی خودایان لەسەر وێنەی خۆیان دروست كرووە، هەروەها پێیان وایە خوداكان هەروەك ئێمە لەدایك دەبن و وەك ئێمەش خاوەنی لەش و جلوبەرگ و زمانن، هەروەها گوتوویەتی: ئەگەر ئەسپ و گا و شێریش توانای وێنەكێشانیان هەبوایە، ئەوا ئەوانیش وێنەی خودایان لەسەر شێوەی ئەسپ و گا و شێر دەكێشا.» (زنجینەكان) لەو بڕوایەدا بوون كە خوداكان رەش بن و لووتیان كۆڵ بێت. هاوكات «تراكەرەكان» وا مەزەندەیان دەكرد كە خوداكان چاویان شین بێت و قژیان زەرد بێت.
Top