جارانی قەڵای هەولێر

جارانی قەڵای هەولێر
قەڵای هەولێر دەكەوێتە ناوەڕاستی شاری هەولێر و سەرەتا وەك قەڵغانێكی بەرگری دروست كراوە، قەڵای هەولێر (415) مەتر لەسەر ئاستی دەریا بەرزە، هەروەها (26) مەتر لەسەر ئاستی شارەكه بەرزترە، رووبەرەكەی دەگاتە (102) هەزار مەتر دووجا، جاران زیاتر لە (240) ماڵ لە نێو ئەو قەڵایەدا دەژیان. مێژووی دروستبوونی قەڵا بۆ (6000) ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە، جارانی قەڵای هەولێر لە تۆپخانە و تەكیە و سەرا پێك هاتبوون، هەروەها قەڵا سێ دەرگای هەبووە یەكەمیان بە دەرگای بچووك، یەكێكی دیكەیان كە لە بەشی سەرەكی دایە بە دەرگای گەورە ناوزەند دەكرێت، ئەوەی دیكەیان بە ئەحمەدییە ناودەبرێت كە ناوەكەی لە پارێزگار ئەحمەدەوە وەرگیراوە، پارێزگار ئەحمەد دروستكەری ئەو رێگایە بووە، هەروەها باوكیشی قازی بووە. لەسەر ئەم رێگایەدا شوێنێك بەناوی هەورازی ئافرەتان هەبوو، لە كۆتایی رێگاكەدا مزگەوتی قازی و دواتر خانەقا و لە كۆتاییشدا گۆڕستانێك هەبووە. ئافرەتانی ئەو سەردەمە لە هەفتەیەكدا دوو جار ئەم رێگایەیان بەكاردەهێنا بۆ هاتوچۆكردن. هەروەها پەرستگای یەهودییەكان لە قەڵای هەولێر هەبوو و یەهودییەكان هەموو ساڵێك تیایدا یادی دوو جەژنی تایبەت بەخۆیان كردەۆتەوە كە یەكێك لەوان بە (كەپرە شینە) ناودەبرێت. لە بەشی خوارەوەی قەڵای هەولێر گەڕەكەكانی تەعجیل و عەرەبان هەبوون و تەكیەی خەلیفە جەلیل-یش لە تەعجیل بووە. دواتر گەڕەكەكانی دیكە دروست بوون، سەرەتا گەڕەكی تەیراوە دروستبووە كە ئەو گەڕەكەش ناوی لە تاهیر ئاغای ناسراو بە (تەیرۆ) وە وەرگیراوە.
Top