سارا نەدیم كچە ناوداری سۆشیاڵ میدیا و هاوەڵی شاجوان
January 15, 2020
رەنگا و ڕەنگ
سارا نەدیم، سەرەڕای ئەوەی ئێستا هاوەڵی وەك شاجوان نەماوە، كەچی رۆڵ و پێگەیەكی بە ناوبانگی لە نێو سۆشیال میدیا و خەڵكدا هەیە، بەو پێیەی كچێكی رۆح سووك و تێكەڵی خەڵكە، بۆیە جەماوەریش زیاتر لێی نزیك دەبنەوە و رۆژانە لە شوێنە گشتی و دیارەكان سەردانی دەكەن و وێنەی لەگەڵ دەگرن، ئێمەش وەك گۆڤاری گوڵان بە پێویستمان زانی چەند پرسیارێك ئاراستەی ئەو خاتوونە بكەین.
* چ پێوەرێك گرنگە تا خانمێك ببێت بە شاجوان، یان نمایشكاری جلوبەرگ؟
- پێویستە ئەو خاتوونە كەسایەتییەكی بەهێزی هەبێ، حەز و ئارەزووشی بۆ ئەو بوارە هەبێت، هەندێ لە خانمان هەر لە منداڵییەوە حەز دەكەن ببنە شاجوان و نمایشكار، من لە منداڵییەوە حەزم دەكرد و دواتر بینیم كە مەرجەكانی شاجوان لە خۆمدا دەبینم و متمانەشم بە خۆم هەبوو، لە ماڵەوەش خوشكم هانی دام.
* بوونی كچان بە شاجوان و نمایشكار تا چەند سەركەوتوو دەبێت لە كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
- تا ئاستێكی باش سەركەوتوو دەبێت، بەڵام پێویستە هەموو لایەك هاوكار و یارمەتیدەر بن، تا ئەو خاتوونە بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و دژایەتی نەكرێت، چونكە بە بێ بوونی جەماوەر شاجوان ناتوانێت كارەكانی جێبەجێ بكات.
* بۆچی زۆربەی كچان دوای ئەوەی دەبن بە شاجوان و نمایشكار، روو لە كاری ریكلام و بازرگانی دەكەن؟
- ئەوە ئاساییە، چونكە كەسەكە بەناوبانگ دەبێت و لە نێو خەڵكدا دیار دەبێت، ئەگەر بەشداری لە كاری ریكلام و بازرگانییشدا بكات، كارێكی جوان و ئاساییە، بۆ نموونە خۆم بەشداریم لە كاری ریكلامدا كردووە.
* ئاستی خوێندواریت چەندە و باوك و دایكت خەڵكی كوێن؟
- دەرچووی پەیمانگای گەشتیاریم، بڕوانامەم لە گەشتیاریدا هەیە، لەدایكبووی ساڵی1997م، دایكم عەرەبە و باوكم كوردە.
* بەشێكی زۆری كچان هێندەی شاجوانێك جوان و سەرنجڕاكێشن، بەڵام دەرفەتیان نییە ببن بە شاجوان، چیت بۆیان هەیە و چیت بۆ كردوون؟
- هەموو كچێك شاجوانێكە بۆ خۆی، ئەوانەی ناتوانن بەشدار بن لە پێشبڕكێی شاجوانیدا بە هۆی رێگریی كۆمەڵایەتی و خێزانییە، هەمیشە هەوڵ دەدەم یارمەتی ئەو كەسانە بدەم كە كێشە و گرفتیان هەیە، ئەگەر هیچیشم پێ نەكرێت، دڵنەواییان دەكەم تا ئەوانیش هەست بە جوانی و گرنگیی خۆیان بكەن.
* لە ئێستادا چ پرۆژە و كارێكت لەبەردەستە؟
- زۆر كار و پرۆژەم هەن، بەڵام ئەوەی ئێستا لە بەردەستمە هێنانی جۆرە لینزێكە هەر بە ناوی خۆمەوەیە، كاڵایەكی بەسوودە و هیچ زیانی نییە بۆ چاو، نرخێكی كەمیشمان بۆی داناوە تا لە توانای هەموو كچێكدا بێت، بۆ ئەوەی بتوانێ بە دەستی بهێنێت كە لە زۆر شوێندا دەست دەكەوێت.
* ئایا شاجوان و نمایشكارانی جلوبەرگ باشترە لە ناو خەڵك بن، یان لە تۆڕەكانی ئینتەرنێتەوە لەگەڵ خەڵك بن؟
پێویستە شاجوان و كچان، لە نێو خەڵكدا دەركەون و هەندێك جاریش لە ئینتەرنێت دەتوانن لەگەڵ خەڵك پەیوەندییان هەبێت تێكەڵ بە جەماوەر بن، من لە هەردوو رێگەوە پەیوەندیم لەگەڵ خۆشەویستان و جەماوەرەكەمدا هەیە، چ لە تۆڕەكانی ئینتەرنێت و چ رۆژانە راستەوخۆ لەگەڵ خەڵك.
