یەكێك لە جۆرەكانی مەقام قۆریاتە، كە زیاتر لە نێو توركمانە رەسەكانی كوردستاندا بەناوبانگە و وەك بەستە و مەقام و حەیران وایە، بە ئاوازێكی نەرم و دەنگێكی زوڵاڵ و بەرز شوێنەكە دەتەنێت، قۆریات لە دێرزەمانەوە گوتراوە و شوێنی تایبەتی خۆی هەبووە، بەتایبەت شەوانە لە دانیشتن و ئاهەنگ و بۆنە و یادەكاندا گوتراوە. پێشتر كە لە ماڵێكدا لە كاتی هاوسەرگیری، یان بۆ یادی لەدایكبوون ئاهەنگ دەگێڕدرا، لەو سەروبەندەدا كەمان و عود دەهێنران و دەست بە قۆریاتگوتن دەكرا كە زیاتر باس لە عیشق و خۆشەویستی دەكات. قۆریاتی رووبەڕوو هەیە كە وەك ئەوەی پێشبڕكێیەك بێت، دوو كەس بەرامبەر یەكتر دەیڵێن. بە ناوبانگترین قوریاتبێژان لە كوردستان و لە شاری هەولێر بریتین لە: مشكۆ، هابە عەبدولوەهاب، موحەمەد ئەحمەد ئەربیللی. جاران شوێنی تایبەت بە قۆریاتبێژان هەبووە كە هەندێ جار لەو شوێنە كۆ دەبوونەوە و جار جارە لە ناكاوێك قوریاتبێژێك لە ناخی دڵە قۆریاتێكی دەگوت.