پلاتۆن، یان (ئەفلاتوون) یەكێك بوو لە قوتابیەكانی سوكرات، ئەوكاتەی سۆكراتس ژەهر خواردكرا ئەو تەمەنی 29 ساڵ بوو، پلاتۆن توانی ساتی ژەهرخواردنەكە و دەربڕینەكانی سوكرات بنووسێتەوە، ئەوەش خەڵكی ئەسینای دڵخۆش كرد، چونكە دوای مردنی سوكراتس پلاتۆن قوتابخانەیەكی تایبەت بە خۆی لە دەرەوەی ئەسینا دامەزراند و بەناوی یەكێك لە فەیلەسووفەكان ناوی نا (ئەكادیمۆس) دوای ئەوە ناوی قوتابخانەكەی گۆڕی بۆ ئەكادیمیا. هەر بۆیە دەتوانین بڵێن پلاتۆن بایەخی بە پەیوەندیی نێوان شتە نەمر و نەگۆڕ و شتە كاتییەكان دەدا، جیهانی ئەندێشەی بەلاوە گرنگ بوو، دەیگوت هەموو شتەكانی سرووشت كە هەستیان پێ دەكەین گرنگن و شیاوی گۆڕانكارین، واتە لە دیدی ئەوەوە هیچ مادەیەكی بنچینەیی بوونی نییە كە شیاوی هەڵوەشاندنەوە و فەوتان نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەیوت تەواوی ئەو شتانەی سەر بە جیهانی هەستن لە ماددە دروست بوون و بە تێپەڕبوونی كات دەفەوتێن، بەڵام لە هەمان كاتیشدا هەموو شتێك لەسەر فۆڕمی هەتا هەتایییەوە هاتۆتە بوون كە نەمر و نەگۆڕە، هەر بۆیە بەوە نموونەی دەهێنایەوە كە بۆچی هەموو ئەسپەكان وەك یەكن؟! لەوانەیە ئێستا وا بیربكەیتەوە وەك یەك نەبن، بەڵام شتێك هەیە لە نێوان هەموو ئەسپەكاندا هاوبەشە، شتێك وا دەكات هەرگیز گرفتمان نەبێت لەوەی پەنجە بۆ ئەسپێك رادەكێشین، بێگومان ئەسپێكی دیاریكراو دەگۆڕێت و پیردەبێت و شیاوی لەنگبوونە و لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتیشدا نەخۆش دەكەوێت و دەمرێت، بەڵام شێوەی دروستبوونی ئەسپ نەگۆڕ و نەمرە. بە واتایەكی دیكە پلاتۆن دەیوت ئەو شتەی نەگۆڕە و نەمرە ماددە بنەڕەتییە فیزیاییەكە نییە، بەڵكو شتێكە رۆحییە و هەموو دیاردە سرووشتییەكانی لەسەر دروست كراوە.