بیركردنەوە و فەلسەفە
December 23, 2019
رەنگا و ڕەنگ
بە بڕوای یۆنانییەكان نەخۆشی بە هۆی دەستتێوەردانی خواكانەوە روو دەدات، زۆرجار كە نەخۆشی بڵاودەبووەوە، ئەوان وەك جۆرە سزایەكی خودایانە دەیانبینی، لە لایەكی دیكەشەوە لەو بڕوایەدا بوون كە خودا خۆی دەتوانێت چارەسەری نەخۆشییەكە بكات، بەو مەرجەی بە شێوەیەكی رێكوپێك قوربانییان پێشكەش بكردایە. هەرچەندە ئەم جۆرە بیركردنەوەیە تەنیا تایبەت بە یۆنانییەكان نییە، بەڵكو تا راددەیەك لە هەموو شوێنێك دەبیندرێت، پێش ئەوەی زانستی مۆدێرن بێتە كایەوە مرۆڤ هۆی نەخۆشیی بۆ دیاردەكانی سەرووی سرووشت دەگەڕاندەوە، بەم شێوەیە فەیلەسووفە یۆنانییەكان جۆرە بیركردنەوەیەكی نوێیان هەبوو، دوای ئەوەشی كە زانستی پزیشكیی یۆنانیش هاتە ئاراوە، ئەم زانستەش بە شێوەیەكی سرووشتی هەوڵی چاكبوونەوەی نەخۆشییەكانی دەدا. هیپۆكراتس بەردی بناغەی زانستی پزیشكیی یۆنانی دامەزراند، گرنگترین شێوەی ژیان بەلای ئەوەوە ژیانێكی ئاسایی و مامناوەندی و خۆپاراستن بوو لە نەخۆشی، هەر لەو بارەیەوە گوتوویەتی: «لەشساغی دیاردەیەكی سرووشتیی مرۆڤە و رۆحی ساغ لە ناو لەشێكی ساغدایە، ئێمە كاتێك نەخۆش دەبین، لەش و روحمان لە رێڕەوی خۆی لادەدات».
بیرۆكەی ئاكاری پزیشكی واتە پزیشك لە كاتی راپەڕاندنی كارەكەیدا دەبێت وەك ئەركی سەرشانی پابەندی یاسای كارەكەی بێت. بیرۆكەی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هیپۆكراتس كە بە قوتابییەكانی دەوت بەم شێوەیە دەبێت سوێند بخۆن: «سوێند دەخۆم كە هەموو چارەسەرێك كە بە نەخۆشەكانمی دەدەم لە بەكارهێنانی هەموو هێز و توانایەكمەوە هەڵقوڵابێت، لەهەمان كاتدا خۆم لە زیانبەخشین و ئازاردانیان بە دوور دەگرم، سوێند دەخۆم بە هیچ جۆرێك بە ئەنقەست ژەهر نەدەمە هیچ مرۆڤێك و بە هیچ جۆرێكیش نەبمە سەرچاوەی هیچ جۆرە ئامۆژگارییەك دەربارەی ژەهر، لە هەمان كاتدا هیچ شتێك نادەمە ئافرەتێك كە زیانی پێ بگەیەنێت، سەرڕاست و پاك ژیانم بەسەردەبەم و هونەرەكەم بەكاردەهێنم».
