هەڵبژاردنی ئێكسسوارەكان ئەركێكی ئەستەمە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی كە حەز بە پۆشین و لەبەر كردنی ئێكسسوار و خشڵی زۆر دەكەن، هەندێ جار بۆ هەڵبژاردنی خشڵێك ماوەیەكی زۆریان دەوێ، بۆیە كاتێك دەچیتە نێو هاوڕێكانت و ئێكسسوارێكی ناشایستەت پۆشیوە، یان ئێكسسوارەكەت نەگونجاوە و ماوەشی بەسەر چووە، هەستێكی ناخۆشت لا دروست دەبێت. گوارە یەكێكە لە ئێكسسوارە سەرەكییەكان كە هەمیشە دەبێ لە گوێت بێت، بۆ كاتی دەوام و شوێنی كار و زانكۆ و تەنانەت ماڵەوەش گوارەكان پێویستن، تەنیا لە كاتی نووستندا نەبێت كە نابێت گوارەت بە گوێوە بێت، دواترین مۆدەكانی ئەو خشڵە ناسكە بۆ وەرزی سەرما بریتین لە گوارەی رەنگ زەرد و زێڕین، مەرج نییە گوارەكەت تەنیا لە ئەڵماس و زێڕ بێت، بەڵكو ئەگەر لە زیوو و پلاستیك و مووروو و مەرجانیش بێت ئاساییە، بەڵام هەوڵبدە رەنگەكەی لەو رەنگانە بێت كە لەگەڵ كەشی سەرما و سۆڵەدا گونجاون، هەندێ لە گوارەكان لە شووشە دروست كراون، جگە لەوەی شێوەیەكی بەرچاو و سەرنجڕاكێشیان هەیە، هەروەها دەبنە رەنگدانەوە و بریسكەی رووناكی و رەنگی جل و قژ و ماكیاژ.