چۆنێتیی گەیشتن بەم ئەنجامە نادیارە ئێمە تەنیا ئەوەندە دەزانین، كە باوەڕكردن بە بوونی ماددەیەكی بنەڕەتی بەرە بەرە گەشەی كردووە، بەو پێیە دەبێت ماددەیەكی شاراوە لە پشت هەموو گۆڕانكارییەكانی سرووشتەوە هەبووبێت. دەبێت شتێك وەك سەرچاوەی هەموو شتێكی دیكە هەبووبێت كە هەموو شتێكی دیكە بۆ ئەو بگەڕێتەوە. لە راستیدا ئەو وەڵامانەی فەیلەسووفە یەكەمینەكان پێی گەیشتبوون، جێگەی مەبەستی ئێمە نین، بەڵكو بە پێچەوانەوە زیاتر ئەو پرسیارانەمان مەبەستە كە دەیانورووژاند، ئەو وەڵامانەمان بەلاوە گرنگە كە بەدوایدا دەگەڕان، واتە چۆنێتیی شێوازی بیركردنەوەیان بەلامانەوە گرنگە، نەك ئەو شتانەی كتومت بیریان لێ دەكردەوە. دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین: پرسیاریان دەربارەی گۆڕانكارییە بینراوەكانی سرووشت كردووە و هەوڵی دۆزینەوەی هەندێ یاسای هەتا هەتایی سرووشتیان داوە. ئەوان بەبێ ئەوەی پشت بە ئەفسانەی سەردەم ببەستن، گەرەكیان بووە لە رووداوەكانی سرووشت تێ بگەن. لە سەرووی هەموو شتێكەوە هەوڵی تێگەیشتنی پڕۆسێسی سرووشتیان لە رێگەی لێكۆڵینەوەی خودی سرووشت داوە، ئەمەش شتێكی تەواو جیاوازە، وەك لەوەی هۆی هەورە برووسكە و باران وەرزی بەهار و زستان بە رووداوەكانی جیهانی خواكانەوە گرێ بدەنەوە. بەم شێوەیە فەلسەفە خۆی لە دیانەت سەربەست كرد، دەتوانین بڵێین: فەیلەسووفە سرووشتییەكان یەكەمین هەنگاویان بەرەو جۆرە بیركردنەوەیەكی زانستییانە برد، لێرەشەوە بوونە دامەزرێنەری سەرەتای هەموو زانستی سرووشتناسی، دواتر لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا زۆربەی زۆری نووسین و وتەكانی فەیلەسووفە سرووشتییەكان فەوتان، ئەو كەمەی دەیزانین لە رێگەی نووسینەكانی (ئەریسیۆتالیس)ـەوە بۆمان ماوەتەوە. ئەویش دووسەد ساڵێك پاش یەكەمین فەیلەسووف ژیاوە، ئەریستۆتالیس تەنیا پوختەی ئەو ئەنجامەی نووسیبووەوە كە فەیلەسووفەكانی پێش خۆی پێی گەیشتبوون، واتە ناتوانین پەی بە چۆنێتیی گەیشتنیان بەو دەرئەنجامانە بەرین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بڵێین: گۆڕانكارییە سرووشتییەكان و بابەتی مادەی سەرەتایی، پرۆژەی یەكەمین فەیلەسووفی یۆنانی بووە.