بــیـركـردنـەو و فـەلـســەفە
November 3, 2019
رەنگا و ڕەنگ
لەسەر پەرستگای دێلفی بە هەڵكۆڵین نووسراوە: «خۆت بناسە»، مەبەستیان لەوەیە كە هەرگیز نابێت كەسێك بیر لەوە بكاتەوە كە لە مرۆڤێك زێدەترە و هیچ مرۆڤێكیش ناتوانێت لە چارەنووسی خۆی رابكات. یۆنانییەكان لەو بڕوایەدا بوون لە رێگەی فاڵگرەوە بەناوبانگەكەی دێلفییەوە بتوانن پەی بە چارەنووسی خۆیان ببەن، هەر بۆیە خەڵكی ئەو سەردەمە ئەپۆڵۆنیان وەك خودای فاڵگرەوە لە قەڵەم دەدا، ئەویش لە رێگەی ژنە قەشەیەكەوە بە ناوی (پیسیا) كارەكانی دەكرد، كە لەسەر كورسییەك دادەنیشت و لەو شوێنەدا كە كورسییەكە دانرابوو، درزێك لە زەوییكەدا هەبوو كە هەندێ گاز لە درزەكە دەهاتە دەرەوە و پیسیای ژنە قەشەی گێژ دەكرد، ئەو گێژبوونە دەبووە زمانحاڵی ئەپۆلۆن، هەر بۆیە خەڵكی دەهاتنە دێلفی و پرسیارەكانیان دەبردە لای قەشەكانی شارەكە و ئەوانیش دەیانگەیاندە پیسیا، وەڵامە دژوار و پڕ نهێنییەكانی ئەمیش قەشەكانی ناچار دەكرد سەر لەنوێ وەڵامەكان وەرگێڕنەوە، بەم شێوەیە یۆنانییەكان پێیان وابوو سوود لە حیكمەتی ئەپۆلۆن وەردەگرن، چونكە لەو بڕوایەدا بوون ئەپۆلۆن هەموو شتێك دەربارەی رابردوو و داهاتووش بزانێ، هەر بۆیە زۆربەی حاكم و سەركردە و ژەنەڕاڵە سەربازییەكان تا لە پێشدا رێنماییان لە فاڵگرەوەكەی دێلفی وەرنەگرتایە، بڕیاری گرنگیان نەدەدا، بەم جۆرە قەشەكانی ئەپۆلۆن تا رادەیەك وەك دیپلۆمات و راوێژكار رۆڵیان دەبینی، چونكە هەم خەڵكیان بەباشی دەناسی، هەم وڵاتیش.
