بنەماڵەی ئەڵتی پەرماغ، یەكێكن لە دێرینترین بنەماڵەكانی شاری هەولێر، ئێستاش یەكێكن لە پێكهاتە سەرەكییەكانی نێو خەڵكی هەولێر، كە بە ئەڵتی پەرماغ ناسراون، ئەو ناوە وشەیەكی توركمانییە كەبە كوردی واتە (شەش پەنجە)، لەم باریەوە بەرێز (كەرخی ئەڵتی پەرماغ) كە یەكێكە لە كەسایەتییە ناودارەكانی شاری هەولێر و كەسیكی ناسراوی ئەم بنەماڵەیەیە، لەسەر ئەم بابەتە گوتی: «بنەماڵەكەمان بە (ئاڵتی بەرماغ) ناسراوە، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تا ئێستاش لە ناو خۆماندا كەسانێك هەن كە ژمارەی پەنجەكانی دەست و قاچیان شەش پەنجەیە، واتە پەنجەكانیان زیاترە لە كەسێكی ئاسایی»، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە: «لە هەولێر چەندین شوێن هەن بە ناوی ئەڵتی پەرماغ كراون، لەوانە مزگەوتی ئەڵتی پەرماغ كە لەلایەن بنەماڵەكەمان بنیات نراوە، هەروەها شەقامی بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هەولێر بەو ناوە ناسراوە». باپیرە گەورەی ئەو بنەماڵەیە ناوی (شێخ موحەمەد ئەڵتی پەرماغ)ە، ئەو پیاوە شەش پەنجە لە دەست و قاچیدا هەبووە، مامۆستای ئایینی و وتارخوێن بووە لە مزگەوتی ئەڵتی پەرماغ لە ناو قەیسەری هەولێر. تەنانەت ئەندامان و خزمانی ئەو بنەماڵەیە كە هاوسەرگیری دەكەن، تا ئێستاش منداڵ و نەوەكانیان كاتێك لە دایك دەبن، هەندێكیان شەش پەنجەیان هەیە، كە بۆتە حاڵەتێكی بۆماوەیی.