بیرۆكەی تازەگەری لە بواری باڵەخانە و كاری ئەندازەیاریدا بۆتە جێگەی سەرنجی هەمووان، چونكە ژیان گۆڕانكاریی بەسەردا دێت و لە پەرەسەندن و تازەگەری بەردەوامە، بواری ئەندازیاری سەرەڕای ئەو پێشكەوتنەی بە خۆوە بینیوە، هێشتا بیرۆكەی تازەیان بۆ داهاتوو هەیە. لە وڵاتی هۆڵەندا لەلایەن هونەرمەند و وێنەكێشی هۆڵەندی (دریس كریشمامپ) بە هاوكاری لەگەڵ تیمێكی ئەندازیاری، شێوەی خانووی داهاتووی مرۆڤیان دیاری كرد، كە وەك تۆپێكی خڕی گەورە وایە و تا ئێستاش نزیكەی (50) دانەیان لەو جۆرە خانووانە دروست كردووە، كە لە چیمەنتۆ و شووشە دروست كراون، ئەو جۆرە خانووانە رووبەرێكی كەمیان هەیە، دەتواندرێت لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە بگوازێتەوە، بە جۆرێك وەك خانوویەكی گەشتیاری و گەڕۆك وایە، بیرۆكەكەش زیاتر لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە مرۆڤ لە خانووی ئێستا بێزار بووە و پێویستە شێوەی داهاتووی خانووەكان لەوانەی ئێستادا جیاواز بن.