چەندین بۆچوون و بیروڕای جیاواز لەسەر كچەكەی كافرۆش هەن، بەڵام دیاترینیان ئەوەیە كە ناوی (خجیج)ی كچی جومعە مەولود بووە، كە لە دایكبووی ساڵی (1920) بووە، كچەكەی كافرۆش كچێكی شۆخوشەنگ و جوان بووە، لە تەمەنی چواردەساڵیدا ناوبانگی لە جوانیدا دەركردووە، لە ساڵی (1934) لەوكاتەی عێراق و كوردستان لەژێر دەسەڵاتی ئینگلیزەكاندا بووە، یەكێك لە سەربازانی ئینگلیز ئاشقی ئەو كچە بووە، كە باوكی كاری كا فرۆشیی كردووە و دووكانی هەبووە، دوای چەندین داواكاری ئەو كچە، كەچی كەس و كاری رازی نەبوون ئەو كچە بە ئەفسەرە ئینگلیزەكە بدەن. وەكو دەگێڕنەوە كە ئەفسەرەكە پلانی رفاندنی كچی كافرۆشی هەبووە، جوانیی كچی كافرۆش لەوە هاتووە كە دایكی رووس بووە، بۆیە ئەویش هێندە نازدار بووە، ئەو كچە زیاتر سەردانی دوكانی باوكی كردووە، چ وەك هاوكارێك، یان بۆ خۆشیی خۆی، وەك دەگێڕنەوە رۆژێك لە رێگەی گەڕانەوەیدا ئوتۆمبێلێكی پڕ لە سەربازی ئینگلیز كچەكەی كافرۆش دەڕفێنن، دوای ئەوەی باوكی سكاڵا تۆمار دەكات، دواتر پۆلیس بە باوكی كچی كافرۆش دەڵێن: كە كچەكەت لە عێراق نەماوە و براوەتە بەریتانیا، دوای دووساڵ وێنەی كچی كافرۆش بڵاودەكرێتەوە گوایە هەر كەسێك سۆراخی بزانێت ماڵی باوكی ئاگاداربكاتەوە، كچی كافرۆش بەردەوام كراس و جلی جوانی پۆشیوە، وەك نمایشكارێك وابوو. هەندێ بیروڕای دیكەش هەن دەڵێن: لەو كاتەی كچی كافرۆش بردراوە. لە نێو فرۆكەی ئینگلیزەكان خۆی بەرداوەتە خوارەوە و مردووە، وەك ئەوەی رفاندنەكەی قبوڵ نەكردووە و مردنی پێ باشتر بووە.