بیركردنەوە و فەلسەفە
September 22, 2019
رەنگا و ڕەنگ
بەپێی تیۆری ئێمپیدۆلكس تێكڕای سرووشت لە چوار جۆر توخمی بنەڕەتی پێكهاتووە، ئەو چوار توخمەش بریتین لە (خاك و هەوا و ئاگر و ئاو)، هەر بۆیە هەموو گۆڕانكارییەكانی سرووشت بەهۆی تێكەڵبوون و سەر لەنوێ هەڵوەشاندنەوەی ئەم چوار توخمەوە روودەدات، چونكە هەموو شتێك لە خاك و هەوا و ئاگر و ئاو پێكهاتووە، بەڵام بە رێژەی تێكەڵبوونی جیاواز. پێدەچێت ئێمپیدۆكلس سەرەنجی لە سووتانی لقی دارێك دابێت، ئەو كاتە شتێكی بەدیكردووە كە رێك بەرەو فەوتان دەچێت، بەئاسانی گوێمان لە قرچە قرچی دارەكەیە، ئەوە « ئاو»ـەكەیەتی، شتێكیش دەبێت بە دووكەڵ ئەوەش «هەوا»كەیەتی، بێگومان «ئاگر»ـەكەش بە ئاسانی دەبیندرێت، كاتێكیش ئاگرەكە دەكوژێتەوە، شتێك لە پاشماوەی دەمێنێتەوە ئەوەش خۆڵەمێشەكەیەتی، یان «خاك»ـە. كاتێك گوڵێك دەوەرێت، یا زیندەوەرێك دەمرێت، ئەوسا هەر چوار ماددەكە لە یەكتری جیا دەبنەوە، تەنانەت بە چاوی ئاسایی دەتوانین سەرەنج بدەین بۆ ئەم گۆڕانكاریییە. ئێمپیدۆكلس دەڵێت: گۆڕانكارییە سرووشتییەكان بەهۆی تێكەڵبوون و هەڵوەشاندنەوەی ئەو چوار توخمە روودەدەن. بە بڕوای ئێمپیدۆكلس دوو هێزی كاریگەر لە سرووشتدا بوونی هەیە، بەم هێزانەشی دەوت خۆشەویستی و شەڕ، ئەو هێزەی شتەكان كۆدەكاتەوە خۆشەویستییە و ئەو هێزەی شتەكان دەفەوتێنێت، شەڕە.
