ماوەیەكی كورتمان ماوە تا بگەینە وەرزی پاییز، ئەو وەرزەی كۆتایی بە مۆدەكانی وەرزی گەرما دەهێنێت و بەرەو گۆڕانكاری دەچێت، مۆد و ستایلی پانتۆڵەكان ریزبەندی یەكەم دەگرن، تا گۆڕانكارییان بەسەردا بێت، چونكە بەشێكی گرنگی جلوبەرگ پێویستە بەرەو گۆڕانكاری بچیت، جینز ئەو مۆدەی كە لە وەرزی هاویندا بەهۆی ئەستووری و گەرمیی لە قوماش و قورسی لە مۆدەكەیدا هێندە بایەخی پێ نادرێت، لە وەرزی تازەدا بە هێزەوە دەردەكەوێتەوە و شوێنی خۆی لە مۆدەكانی جلوبەرگدا دەسەپێنێت، مۆدەكانی جینز بۆ ئەو كاتەی ساڵ، بە جینزی رازاوە و ئێكسسواری بچووك بەناوبانگن، كە هەندێكیان نەخش و وێنە و وردە كریستاڵ و بەردین لە بەشی پێشەوەیان دەدرێت، جگە لە مۆدی جینزی دڕاو، كە ئەویش دەبێتە یەكێك لە باوترین مۆدەكانی جینزی داهاتوو، مۆدەكانی جینز بە لیزەر و پەڵەی رەنگی و نەخشی گەورەوە مۆدێكی دیكەی سەرنجڕاكێشن، بۆیە گرنگە جینز لەگەڵ پێڵاو و پشتێنەكان شیك بكرێن، بەتایبەت ئەگەر جینزەكە لە رەنگی شین و رەش بێت.