وشككردنەوەی میوە و سەوزە

وشككردنەوەی میوە و سەوزە
وشككردنەوەی سەوزە و میوە، شێوازێكی كۆنە و بۆ هەڵگرتنی خواردنەكان بەكاردەهێنرا كە لەو وەرزانەی باویان نەدەما، وەك وشككردنەوە و هەڵگرتنی ئەو میوە و سەوزانەی لە هاویندا هەبوون، بۆ زستان و ئەوانەشی لە زستاندا پێدەگەیشتن بۆ وەرزەكانی دیكە وشك دەكرانەوە و هەڵدەگیران، بەهۆی نەبوونی كەرەستەی وەك سەلاجە و شوێنی سارد بۆ هەڵگرتنی میوە و سەوزەكان، رێگای وشككردنەوەیان دەگرتەبەر، بیرۆكەی وشككردنەوەی میوە و سەوزەكان كە وەك خۆڕسك لەخۆیەوە لە سروشت روودەدات وەرگیراوە، كاتێك هەندێ لە میوە و سەوزەكان لە كێڵگەكاندا لەخۆیەوە وشك دەبێتەوە و بۆ ماوەیەكی درێژتر دەمێنێتەوە. وشككردنەوەی سەوزە و میوە بە دانانی لە بەردەم تیشكی خۆردا ئەنجام دەدرێت، جاران بازاڕكردن و كڕینی شتومەك وەك سەردەمی ئێستا نەبووە، هەر بۆیە ماڵەكان وەك كۆگایەكی خواردنی لێدەهات. میوە و سەوزەكان بە هەڵواسین یاخود بەریزكردنی لەسەر زەویدا بەشێوەی یەك لەدوای یەك،لەبەر تیشكی خۆردا دادەنرێت تا وشك دەبێتەوە. وشككردنەوەی سەوزە وەكو نەریتێكی لێهاتووەو ناتوانرێت دەستبەرداری بیت. جگە سەوزەو میوە، گۆشت و پەنیریش وشك دەكرێتەوە، ئەو میوە و سەوزانەی كە زیاتر شیاون بۆ وشك كردنەوە بریتین لە: باینجان، بامێ، بیبەر، تەماتە، فاسۆلیا، كولەكە، كەرەوز، سپێناغ و خەیار، گەڵای مێو، ترێ كە دەكرێتە مێوژ، هەنجیر، سێو و چەندینی دیكەش، ئەگەر بامێ وەك نموونە وەربگرین سەرەتا بەشی خوارەوەی بامییە كە لێدەكرێتەوە و بە دەرزی و داو ریزدەكرێت. دواتر چەند رۆژێك لەبەردەم خۆر رادەگیرێت، شێوازی وشككردنەوەی باینجان، كولەكە، بیبەر و خەیار بكەین، بەشی ناوەوەی ئەم سەوزانە، دەردەهێندرێت. ئینجا بەرێگای داو و دەرزی ریزدەكرێت و بەهەمان شێوە تاوەكو وشك دەبێتەوە لە بەردەم خۆر دادەنرێت. دواتر لەشوێنێكدا كە رێژەی شێ-ی نەبێت بۆ وەرزی زستان هەڵدەگیرێت، ئێستا میوە و سەوزەی وشك كراوە لە بازاڕەكاندا دادەنرێن و جەماوەرێكی زۆری هەیە، تەنانەت خەڵكی بیانیش حەزی پێدەكەن و نۆشی دەكەن.
Top