بەهۆی دەستڕەنگینی و لێهاتوویییەوە پیاوان و ئافرەتانی كورد چەندین بەرهەم و كاری جوانیان دروست كردووە و تا ئێستاش جێ پەنجەی كارەكانیان دیارە، كە ئەمڕۆ بوونەتە كولتوور و كەلەپوورێك بۆ نەتەوە و خاكمان، یەكێك لەو شتە جوان و سەرنجڕاكێشانەی دروستیان كردووە (تاقچە)یە، تاقچە لەلایەن وەستاكانەوە لە دیواری ژوورەكاندا دروست دەكرا و شووشەی پەنجەرەیان لێوەی قایم دەكرد، زۆرجار بە بۆیاغ گوڵ و تەیرۆكە و وێنەی جوانیان لەسەر شووشەكە نەخش دەكرد، بەو گوڵ و وێنانە ناندینیان دەڕازاندەوە و بە شێوەیەكی زۆر جوان ئەو تاقچەیان لە دیوار دەدا و چەندین پێداویستیی ماڵەوەیان لەسەر ئەو تاقچەیانە دادەنا كە لە سەردەمی ئێستادا بە كەوەنتری ژووری چێشت ناسراوە، لەسەر تاقچە زۆر شت دادەنران، وەك: مەنجەڵ و كتری و چایپەست و هێڵەگ و كەوچەك و كەوگیر و چەندین شتی دیكە، بۆیە تاقچەی گەورە و بچووك هەبوون، تاقچە گەورەكان كەلوپەل و شتی گەورەیان لەسەر دادەنرا، تاقچەكان هەندێكیان لە قوڕ دروست دەكرد و رۆخی تاقچەكانیان بە نەخشی جوان وەك شێوەی پاقڵاوەیان لەسەری دەنەخشاند، ئەمەش بۆ ئەوەی دیمەنێكی جوانی هەبێ لە ماڵدا، هەروەها لەو كاتەی شتی لەسەر دادەنرا، جوانی و رازاوەیی ماڵەكەی زیاتر دەكرد، زیاتریش تاقچە بۆ پاكڕاگرتنی كەرەستەكانی خواردن و خواردنەوە بووە لەوەی نەوەك لەسەر زەوی بكەون، یان گیاندار و پیسیی دیكە بكەوێتە ناوی، ئێستاش هەمان بیرۆكە بۆتە كەوەنتری ماڵ، كە كۆمەڵێك پارچەی لێكدراوە لە شوێنی تاخچەكەی جارانی كوردەواری خۆمان دروست كراوە.