لە ناو كورددا هەزاران كەڵەپیاوی بەتوانا و دەنگخۆش لە بواری گۆرانی و مەقام و حەیران و لاوكدا هەن و بە دەنگە زوڵاڵەكانیان چەندین بەرهەمیان تۆمار كردووە، یەكێك لەوانە كاوێس ئاغای حەیرانبێژە، ناوی تەواوی (كاوێس كوڕی ئەحمەد كوڕی جەمیل كانەبیی هەركی)یە، لە ساڵی (1889) لە ناوچەی چوار چەلی لە دایك بووە، هەر لەو شوێنە گەورە بووە و ژیاوە، سەرەتای ژیانی منداڵیی بە گەشت و رۆیشتن لە نێوان ناوچەكانی زۆزان و گەرمیاندا بەسەر بردووە، بۆیە كاویس ئاغا كاریگەر بووە بە دەشتودەری سەوزی كوردستان و بە دەنگی بولبول و تاڤگەكان سەرسام بووە. لە دوای كۆچی دوایی (لەیلا)ی دایكی، كاوێس ئاغا لەلای ئەحمەدخانی هەركی ژیاوە و دواتر گرنگیی بە فولكلۆری كوردی داوە، لە ساڵی (1915) گەشتی كردووە بۆ رەواندوز و لە ماڵی نەورۆز باوێل ئاغا و مەحەمەد حاجی نەورۆز ژیاوە، دوای ئەو ساڵەوە واتە 1916 گەشتی كردووە بۆ شەقڵاوە و لەوێ ژیاوە، دواتر لەگەڵ (ئامینەی كچی مەحموود شەریف) ژیانی هاوسەریی پێكهێناوە و چەندین نەوەی دوای خۆی جێهیشتووە، بەرەهەمەكانی كاوێس ئاغا بە دیالێكتی كرمانجی سەروو بووە، لەگەڵ ئەوەی كاوێس ئاغا گۆرانیی دەگوت، هەروەها شاعیریش بووە، یەكەمین بەرهەمی كاوێس ئاغا،بە ناوی (گەنج خەلیل) بووە و دواتریش چەندین مەقام و لاوكی گوتووە و چەندین جار چاوی بە شێخ مەحمودی حەفید كەوتووە، لە ساڵی 1930 كاوێس ئاغا لە چایخانەی عەلی شكاك لە قەزای رانیە دوو ئاهەنگی ساز كردووە و ئاهەنگێكی دیكەشی لە ماڵی قائیمقام جەلال سائیب بووە، كاوێس ئاغا لە بواری لاوك گوتندا خاوەن دەنگێكی زوڵاڵ و بەجۆش بووە، چەندین لاوكی بەسەر سەركردە و كەسایەتییە ناودارەكانی كۆن و ئاشقاندا گوتووە، بەمەش توانیویەتی هونەری كوردی پڕ بەرهەم و كاری جوان بكات، تاوەكو لە ساڵی (1936) كۆچی دوایی كردووە و لە گۆڕستانی هەرشەم بەخاك سپێردراوە، ئێستاش وەك رێزلێنانێك بۆ ئەو هونەرمەندە رەسەنە پەیكەری كاوێس ئاغا لە شارۆچكەی شەقڵاوە دانراوە.