گەرمای بەتینی هاوینی ئەمساڵ كێشەی نەك بۆ وڵاتانی رۆژهەڵات، بەڵكو بۆ وڵاتە ئەوروپییەكانیش دروست كردووە، پلەكانی گەرما لە كیشوەری ئەوروپاش بەرز بۆتەوە، بە جۆرێك كە نەك تەنیا مرۆڤ، بەڵكو گیاندارانیش بەرگەی گەرما ناگرن و دڵ و هەستیان بۆ شتی سارد و فێنك كەرەوە دەچێ، دواجار پلەی گەرما لە وڵاتانی ئەوروپا گەیشتە (40) پلەی سەدی، ئەمەش پلەیەكی گەرمیی زۆرە بۆ خەڵكی ئەوێ، تا خۆیان لە گەرمای هاوین بپارێزن دەچنە سەر لێواری ئاو و رووبارەكان، یان بە خواردنی ئایسكرێم و ساردەمەنی هەناوی خۆیان فێنك دەكەنەوە، وەك دیاردەیەكی باو ئەوان چەندین جۆری گیاندار بەخێو دەكەن، بەتایبەت سەگ و پشیلە، ئەمە جگە لە گیانداری خۆماڵیی سەوزەخۆر، هەر بۆیە دەسەڵاتداران و وەزارەتی تەندروستیی ئیتاڵیا بڕیاری پێدانی ئایسكرێم و ساردمەنییەكانی بە گیانداران ئاسایی كرد، تا ئەوانیش لەو گەرمایە بەتینەی ئەمساڵ بە دوور بن.