كوردستان لە چاوی گـــــەشتیارانی بیانیدا

كوردستان لە چاوی گـــــەشتیارانی بیانیدا
كوردستان وەك هەر وڵاتێكی جیهان بۆتە ناوەندێكی گەشتیاری بە رووی گەشتیارانی ناوخۆ و وڵاتانی دەوروبەر و تەنانەت زۆربەی هاوڵاتییانی وڵاتانی ئەوروپی و جیهانیش، جوانیی سرووشت و سەرچاوە و شوێنەوارە دێرینەكان و قەڵا و كولتووری كوردی و چاكەی ئەو خەڵكە، وایكردووە كە كوردستان ببێتە جێی سەرنجی گەشتیاران، رۆژانە لە شوێنە گشتییەكان خەڵكی بیانی بەرچاو دەكەون و وێنە لەگەڵ ئەو شوێنانە دەگرن كە پێی سەرسامن، یەكێك لەو گەشتیارە بیانیانەی كە كۆمەڵێك وێنەی جوانی كوردستانی گرتووە ناوی (لیزا ماری كویلی)یە، كە فۆتۆگرافەرە و تەمەنی (26) ساڵە و دانیشتووی شاری هامبورگی ئەڵمانیایە، لە دیدارێكی بچووكدا ئاماژەی بە جوانیی كوردستان كرد و لەسەر گەشتیاریی كوردستان دەڵێ: «ئەو كاتەی گەیشتمە كوردستان شەو بوو، دیمەنێكی جوان و بێدەنگ و كەشوهەوایەكی خۆشی هەبوو، رۆژی دواتر دیمەنە جوانەكانی سەر قەڵای هەولێر سەرسامیان كردم، كە چەندین وێنەی ناوازەم لێ گرتوون، دواتر سەردانی شاری سلێمانیم كرد، بە ناوچە گەشتییارییە جوانەكانی كوردستاندا تێپەڕیوم، كە خەڵكی سادە و خۆشەویست لە پێشوازیتدان، كەس نییە بە چاوێكی خراپ سەیرت بكات، یان كاری نەشیاوت بەرامبەر بكات، تەنانەت كە دەزانن خەڵكی بیانیت زیاتر رێزت دەگرن و لە دۆزینەوەی شوێن و ئوتۆمبێل و هوتێل هاوكاریت دەكەن، وەك رێبەرێكی گەشتیاری بێ بەرامبەر خزمەت و رێنوێنیی گەشتیاران دەكەن، زیاتر لە (15) رۆژم لە كوردستان بەسەربرد، ئەرشیفی وێنەكانم پڕ كرد لە وێنەی جوانی شار و شارۆچكەكانی كوردستان، بە جۆرێك كە نیشانی هاوڕێیانم دەدا، ئەوانیش بە جۆشەوە سەیریان دەكرد، بە نیازم دووبارە سەردانی ئەو وڵاتە جوانە و ئەو خەڵكە خۆشەویستە بكەمەوە، كە لەگەڵیاندا هەست ناكەیتوەك گەشتیار لە وڵاتێكی دیكەیت، بەڵكو وا هەست دەكەی كە خۆت خاوەن ماڵی».
كاساندرا دی پیكۆلیش كچە گەنجێكی تەمەن ٢٨ ساڵەی ئەمریكییە وەك گەشتیارك رووی لە كوردستان كردووە،ئەو لەماوەی ١٨ مانگ و ١٠ ڕۆژ سەردانی ١٩٦ وڵاتی كرد، یەكێك لە سەردانەكانی بۆ شاری هەولێر بووە و وێنەكانیشی لەسەر قەڵای هەولێر گرتووە، لەبارەی شاری هەولێرەوە لە كتێبەكەیدا هەولێر و قەڵاتی زۆر جوان وەسف كردووە و باسی ئەمن و ئاسایشی هەولێری كردووە و دەڵێ: «زۆرترین چام لە هەولێر خواردووە».
Top