گەرماوەكان مێژوویەكی دێرینیان هەیە، لە شاری هەولێردا چەندین گەرماوی كۆن هەن كە تا ئێستاش ماون، جاران زۆربەی گەرماوەكان لە تەنیشت مزگەوتەكانەوە دروست دەكران، تا خەڵك دوای خۆشووشتن بە پاك خاوێنی و بۆنی خۆشەوە بچێتە مزگەوت، دروستكردنی گەرماو لە پێنج بەش پێك هاتووە، ئەوانیش ئەمانەن: گوزەرەی سەرەكی، جێگەی تایبەتی جل گۆرین، شوێنی نێوان دوو دەرگا كە دەرگای ناوەندی و جێی خۆشوشتن، یان ژووری گەرماو كە ژووری دەرمان یان بسمیل بوونە. لە ناوەڕاستی بەشی ژوورەوەی گەرماوەكەدا بەردێكی بازنەیی هەیە ئەوەی بچێتە ژووری گەرماو ماوەیەك لە سەر ئەم بەردە گەرمە دادەنێشێت، تاكو تەواو ئارقە دەكات، لە بەشی سەرەوەی گومەزیی گەرماوەكەدا چەند پەنجەرەیەكی رەنگاوڕەنگ هەیە كە لە جام دروستكراون، لە كاتی رووناكبوونەوە جوانییەك دەدەنە ناو گەرماوەكە، گەرماوەكان پێش بانگی بەیانی دەرگایان دەكرایەوە، ئەوەی كە خۆی ئامادە دەكات بچێتە گەرماو، جا چ پیاو، یان ئافرەت، جلوبەرگ و پێداویستییەكانی خۆیان لە خاولی، پشتەماڵ، سابونی رەقی، دبان داش، گلەسەر و شانەیان لە ناو بوخچەیەك دادەنا، ئەو كەسانەی كە بۆ گەرماو دەچوون پشتەماڵێكی سووریان دەبەستە سەر ناوكیان تاكو چۆكیان درێژ دەبوویەوە كە پێیان دەوت (بیشتمال حمامی) لە هەر گەرماوێك چەند ناترێك هەبوون كە خەڵكیان دەشوشت، زۆر كەس لە پیاوە دەوڵەمەندەكان لەسەر بەردیكی بڵند دادەنیشتن ناتر بە لیفكە و سابوون لەشیانی دەشوشت، لە كاتی دەرچوونیشیان خاولیی بۆ دەهێنان. نرخی شوشتنی كەسێك لەو سەردەمەدا درهەمێك بوو، لە كاتی دەرچوونیان لە گەرماو لەسەر سەكۆكە دادەنیشتن، ناتر جامێك ئاوی ساردی دەڕژاندە سەر پێیەكانیان. لە كۆندا لە گەرماوەكان چای، شیر، لیمۆی ترش هەبوون، لە سەرەتای سەدەی رابردوو نرخی چوونە گەرماو ١٠ فلس بوو. دیارترین گەرماوەكانی هەولێر گەرماوی قەڵات هەبوو، كە بە یەكێك لە كۆنترین گەرماوەكانی شاری هەولێر دەژمێردرێت، ئەم گەرماوە هەر لەسەردەمی سوڵتان موزەفەرەوە هەبووە، لە گەرەكی سەرای تەنیشت مزگەوتی گەورەی قەڵات لە ساڵی ١٧٧٥ لە لایەن (عەبدوڵا ئاغا ئیسماعیل ئیبراهیم)ـەوە دروستكراوە، دواتر لە لایەن قاسم ئاغای كوری عەبدوڵا ئاغا نۆژەن كراوەتەوە، گەرماوی عەلی ئاغا (عالی ئاغا حەمامی)، ئەم گەرماوەش لە سەرەتای سەدەی بیستەم لەكاتی جەنگی جیهانی یەكەم لە نێوان ساڵەكانی ١٩١٤- ١٩١٨دروست كراوە، كەوتۆتە گەڕەكی خانەقا بەرامبەر دەرگا بچووكەكەی رۆژهەڵاتی قەڵات، تاوەكو ئێستاش بناغەكەی ماوە كە لە شەستەكان خوالێخۆشبوو مام عوسمان پسمام بەڕێوەی دەبرد، ئەم گەرماوەش وەكو گەرماوی قەڵات لە سێ بەش پێكهاتبوو، بەشی جل گۆرین و بەشی ناوەڕاست و بەشی ژوورەوە. جووت گەرماو (جووت حەمام)، خاوەنی ئەم جووت گەرماوە كەسایەتی هەولێرحاجی رەشید ئاغای كوری وەیسی ئاغا بوو، ئەم جووت حەمامە لە بەرامبەر مزگەوتی خانەقای خالیدییە بوو، زۆربەی گەرماوەكان ئێواران و شەوان بۆ پیاوان و بەیانیانیش بۆ ئافرەتان بوون.