بەشێكی زۆری ئافرەتان خاوەن پیشەن و رۆژانە لە سەر كارن، هەڵبژاردنی جلوبەرگی رۆژانی كاركردن گەورەترین كێشەی بۆ هەندێك لە ئافرەتان دروست كردووە و زۆرجار لەسەر دەستنیشانكردنی جلێك ماوەیەكی زۆر لە كار دوادەكەون. پۆشاكی دەوام و سەر كار جیاوازە لەگەڵ جلی ماڵەوە و دەرچوون و گەشت، چونكە دەبێت جلێك بێت كە بێزاركەر نەبێت، لە رووی ستایلیشەوە گونجاو بێت، چونكە هەموو جۆرە رەنگێك بۆ جلی سەر كار و دەوام لەبار نییە. لە بارەی ستایلەكانەوە، رەنگە بتوانیت پانتۆڵێك بۆ چەند رۆژێك دووبارە لەبەری بكەیت، بەڵام ناكرێت جلەكانی سەرەوە دووبارە بن، بۆیە چەندین رێنمایی دەربارەی جلی كاتی سەركار و دەوامی فەرمی هەن، كە دەتوانیت لێرەوە ئاشنایان بیت: (ستایلی مۆنۆكرۆم) مۆدێكی یەك رەنگە لە سەرەوە تا خوار، ئەو جۆرە جلە ئاساییە و بۆ هەر رۆژێكی دەوام گونجاوە، واتە چاكێت و قەمیس و تیشێرت و پانتۆڵ لە هەمان رەنگبن، بەڵام هەوڵبدە رەنگی پێڵاوەكانت جیاواز بێت. ستایلی جینز، ئەگەرچی بێزاركەر و تەسكە، بەڵام دەتوانی ئەو جۆرە بپۆشی كە قوماشی نەرم و لاستیكە، واچاكە كابۆی جینزی بۆری، لەگەڵ قەمیس بگونجێنیت، پێڵاوی پاژنە بەرزیشت لە بیر نەچێت، ستایلی تەنوورە مۆدێكی سەرنجڕاكێش و پڕ كەسایەتییە، بەڵام با زۆر كورت نەبێت كە نەتوانی بە سانایی جووڵە بكەیت. ستایلی عەزی و بەدللە، مۆدێكی فەڕاح و كراوەیە، دەتوانیت بیكەیتە جلی دوو رۆژ لە هەفتەیەكدا.