ماكیاژی وێنەكێشانی روخسار لە كوردستان
June 13, 2019
رەنگا و ڕەنگ
* ماكیاجی روخسار چییە و بۆ چ مەبەستێك بەكار دێت؟
- ئاشكرایە باوە ماكیاژ وەك كارێكی سرووشتی بۆ ئارایشت بەكاردێ، بەڵام ئەو جۆرە ماكیاژە لە بواری فیلم و سینەما و نمایشدا بەكاردێت، چونكە مەرج نییە تەنیا بۆ جوانی و ئارایشتی روخسار بێت.
* چۆن بوو بیرۆكەی ئەو كارەت بۆ هات؟
- بیرۆكەی ئەو كارەم تەنیا بۆ خۆشی و ئارایشت نییە، بەڵكو بۆ سوودوەرگرتن و زۆر بواری دیكەش بەكاردێت، بۆ نموونە: بۆ منداڵان وەك شتێكی خۆشی و جوانی وێنەی كارتۆنی و گوڵ و ئاڵای كوردستان، یان لە فیلمەكانی سینەمای وەك زۆمبی و ترسناك چەندین خولی لەسەر دەكرێتەوە، تەنانەت، بڕوانامەشی لەسەرە و بەو كەسانە دەدرێت كە ئەو بوارە فێر دەبن.
* بۆ ماكیاجی روخسار چ جۆرە كەرەستە و رەنگێك بەكاردەهێنیت؟
- ئەو كەرەستانەی كە تایبەتە بە روخسار، چونكە پێستی روخسار ناسكە، بەكارهێنانی هەموو بۆیە و ماددەیەكی كیمیاوی رەنگە زیان بە روخسار بگەیەنێت، بەڵام ئەو بۆیەیە تەنیا بۆ جوانكاری و ماكیاژی روخسار دروست كراوە، كەرەستەكان لە شوێنی گونجاو و لەلایەن كەسی شارەزاوە بەكاربهێنرێت.
* تا ئێستا لە چەند نمایش و كاری هونەریدا بەشداریت كردووە؟
- تا ئێستا بۆم نەڕەخساوە، بەڵام نیازم هەیە چالاكیم هەبێت و نمایش بكەم، تا بتوانم خەندە و ماكیاژ بخەمە سەر روخساری منداڵان، یان لە بۆنە گشتی و تایبەتەكاندا رەنگی خەڵك بە چەندین وێنە و شێوە و ناو و پیتی جۆراوجۆر بكێشم، ئامادەشم ئەگەر كارێكی فیلمی ترسناك، یان هەر فیلم و بەرهەمێك پێویستی بەو بەهرەیەی من هەبێت، بەشدار دەبم.
* ئەو جۆرە ماكیاجی فەیسە زیاتر بۆ چ كات و شوێنێك گونجاوە؟
- ئەو جۆرە ماكیاژە بۆ كاتەكانی خۆشی و فیلم، یان بۆنەی وەرزشی بەكاردێت، دەكرێت وەك كارێكی كات بەسەربردن وەك چۆن لە فیستیڤاڵی رەنگەكانەوە زۆربەی ئامادەبووان روخساری خۆیان بە ماكیاژ و رەنگی جۆراوجۆر كردبوو، ئاوها بەكار بێت.
* بڕوانامەت لە یاسا هەیە، بەڵام چۆن توانیت پەرە بە كاركردن لە بواری دیكە بدەیت؟
- وەك خولیا و حەزێكی خۆم بۆ ئەو بوارە، كە لە فیلم و وێنەكانی ئینتەرنێت و چۆنێتی كێشانی وێنەی جۆراوجۆر وەك ترسناك و بۆ جوانی و كۆمێدی زۆر سەرنجم دەدا، ئێستا من كار دەكەم و دوای كارەكەم خەریكی ئەو كارە دەبم، تا بتوانم شتێكی دیكە فێر بم، بۆ ئەوەی بتوانم تازەگەری لە بەهرە و تواناكانمدا بكەم.
