مزگەوتی گەورەی قەڵا دێرینترین مزگەوتە لە كوردستان

مزگەوتی گەورەی قەڵا دێرینترین مزگەوتە لە كوردستان
یەكێكە لە مزگەوتە دێرین و جوانەكان، دەكەوێتە سەر قەڵای هەولێر و یەكێكە لە دێرینترین مزگەوتەكانی كوردستان، تا ئێستاش شوێنێكە بۆ نزا و پەرستن و نوێژ و بۆنە و یادە ئایینییەكان و بە یەكێك لە دێرینترین مزگەوتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دادەنرێت، مێژووی ئەو مزگەوتە بۆ ساڵی (703)ی زایینی واتە ساڵی (24)ی كۆچی دەگەڕێتەوە، سەچاوە مێژووییەكان دەڵێن، مزگەوتەكە لە سەردەمی ئیمامی عومەر و لەلایەن عوتبەی كوڕی فەرقەدی سەلەمی دروست كراوە، چەندین بۆچوونی جۆراوجۆر لەسەر مێژووی ئەو مزگەوتە هەن، هەندێكیان دەڵێن كە پێشتر پەرستگای زەردەشتییەكان بووە، بەشێكی دیكەش دەڵێن كڵێسا بووە و پاشان كراوەتە مزگەوت، ئەو مزگەوتە لە سەردەمی عەباسییەكان نۆژەن كراوەتەوە، سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژە بە بوونی قوتابخانەیەك لە تەنیشت مزگەوتەكە دەكەن، كە شوێنی خوێندن بووە و چەندین زانای لێی هەڵكەوتووە، بەڵگەش بۆ ئەو بابەتە بوونی نەخش و نیگارن كە ئاماژە بۆ ساڵانی (1719 و 1720) دەكەن، دەربارەی ناوی مزگەوت و مەدرەسەكە دەگوترێت كە بە ناوی (قوتابخانەی قەڵای مەنسوورە) بووە، هەروەها بەناوی (مزگەوتی گەورەی مەنسوورە) ناسراوە، تەنانەت تا بەم دواییەش بە مزگەوتی (ئەفەندی) دەناسرا، چونكە مەلا ئەفەندی رۆڵی كاریگەری بۆ خزمەتكردنی مزگەوتەكە هەبووە، دوای كۆچی دوایی مەلا ئەفەندی، دواتر رەشاد موفتی سەرپەرشتیی مزگەوتەكەی لە ئەستۆ گرتووە، بۆ یەكەمین جاریش وتاری هەینی لەسەدەی (18) كە بە فەرمانێكی سوڵتانی عوسمانی فەرمانی بۆ كراوە لەو مزگەوتەدا خوێندراوەتەوە، سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژە بە رۆڵی (ئەتابەكییەكان) دەكەن، كە زۆرترین بایەخیان بەو مزگەوتە داوە، لە زۆربەی سەردەمەكاندا ئەو مزگەوتە نۆژەن كراوەتەوە تا جوانتر بێت، زیاتر لە (17) مەلا و زانا لە نەوەی (مەلا ئەبووبەكری سانین) لەو مزگەوتەدا كاری پێشنوێژ و وتارخوێنییان كردووە، هەورەها لە مەدەرەسەكەشدا وانەی فەقێیاتی و ئایینی گوتراوەتەوە، تا ئێستاش بە یەكێك لە خۆشترین و جوانترین مزگەوتەكانی كوردستان دادەنرێت.
Top