قژشووشتن ئەگەرچی كارێكی گرنگ و پێویستە، قژت چەند پاك بێت هێندە جوانتر دەردەكەوێت، بە تایبەت ئەوانەی قژیان خاوە، یان لوول و بریقەدارە. زۆر جار پرسیارێك لای ئافرەتان دروست دەبێت، كە ئایا هەفتانە چەند جار قژیان بشۆن؟ پسپۆڕان دەڵێن: زۆر شووشتنی قژ كاریگەریی خراپی لەسەر لاوازكردنی مووی سەر هەیە، كەم شووشتنیش بە هۆی كۆبوونەوەی پیسی و چڵك و كڕێش تاڵەكانی قژ خراپ دەكات. پسپۆڕی بواری قژ جولیان فارێل دەڵێ: «زۆربەی خانمان پێیان وایە ئەگەر قژیان زۆر بشۆن باشترە، كەچی ئەوە هۆكارێكە بۆ هەڵوەرین و لاواز بوونی مووەكانی سەر، بەتایبەت ئەگەر هەموو شووشتنەكان بە شامپۆ بێت»، جولیان هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوانەی قژیان چەورە واچاكە بۆ دوو رۆژ جارێك بیشۆن، ئەوانەشی قژیان وشكە سێ رۆژ جارێك، ئەوانەی قژیان وشكە، زیاتر دوچاری كێشەكانی هەڵوەرین و وشكبوونی قژیان دەبنەوە، هەروەها ئەوانەی قژیان تووشی وشكبوونی زۆر بووە، یان بەهۆی گەرمییەوە سپی بووە، نابێت زیاتر لە دوو جار لە هەفتەیەكدا قژیان بشۆن. سكوت میلەریش كە پسپۆڕێكی ئەو بوارەیە دەڵێ: «ئەوانەی قژیان وشكە و هەڵدەوەرێت، چاكترە هەفتەی جارێك بیشۆن.»