لە وەرزی بەهاردا تیشكی هەتاو بەهێز و بەتین دەبێ، بەتایبەت خۆری ئەو وەرزە نادیارە و رەنگە لە رۆژێكدا چەندین جار بكەویتە ژێر هەور و دەربكەوێتەوە، بۆ پارێزگاری لە چاوەكانت و پاراستنی پێستی ژێر چاو پێویستت بە چاویلكە دەبێ، بەتایبەت لە كاتی دەرچوون و گەشتوگوزار، یان ئەو كاتانەی كارێكی گرنگی دەرەوەت دەبێت. وەك دەزانین تیشكی هەتاو كاریگەریی لەسەر گرژبوون و كرانەوەی روخساری مرۆڤ دەبێت، كاتێك تیشكی هەتاو بەر روخسارت دەكەوێت و چاوەكانت ناكرێنەوە، بەم چەشنە بە گرژی دەردەكەوێت، هەروەها ژێر چاوەكان وردە وردە چرچ و لۆچبوونی پێوە دیار دەبێت، وێڕای ئەوەی چاویلكە بەشێكی گرنگی ئێكسسوارەكانە، بەڵام گرنگە بزانیت چ جۆرە چاویلكەیەك بۆ روخسارت هەڵدەبژێریت، بۆ ئەوانەی روخساریان چوارگۆشەیە، پێویستە چاویلكەی بازنەیی، یان ئەوانەی چوارچێوەیان تیژ نییە، هەڵبژێرن، بۆ ئەوانەش كە روخساریان خڕ و بازنەییە، دەبێ چاویلكەی شێوە لاكێشە هەڵبژێرن.