ئەتەكێتی مامەڵەكردن لەگەڵ كەسانی دیكە

ئەتەكێتی مامەڵەكردن لەگەڵ كەسانی دیكە
خانمە راهێنەری سعودی (دانیا سەعیدان) باس لە ئەتەكێت و شێوازی مامەڵەكردنی ئافرەتان لەگەڵ كەسانی دیكە دەكات، ئەو شێوازانەی لە چوارچێوەی تەواوكاری كەسایەتی و جوان رەفتاركردنی ئافرەتانە، بۆ ئەوەی بە هەڵسوكەوتی خۆیان دیمەنێكی جوان نیشانی دەوروبەر بدەن. رێنماییەكانیشی بەمجۆرەن:
- گرنگی بە شێوازی خۆت بدە، زوو زوو لە ئاوێنەدا خۆت ببینە، نەوەك شتێك، یان هەڵەیەك لە جل و كەرەستەكانتدا، یان لە تێكەڵبوون و شێواندنی رەنگی ماكیاژ و خشڵەكانتدا هەبێ.
- كاتێك لەگەڵ كەسێك قسە دەكەیت، هەوڵبدە گرنگی پێ بدەیت و فەرامۆشی مەكە، ئەگەر نەتویست لەگەڵ كەسێك بەردەوام بیت، خۆت بە بێزاری نیشان مەدە، بەڵكو راستەوخۆ بڵێ: «پێویستە بڕۆم، یان كارم هەیە».
- با هەمیشە زەردەخەنە لەسەر لێوەكانت بێت، گرژ و مۆن مەبە، ئەگەر كەسێك هاتە بەردەمت، هەرچەندە بە دڵیشت نەبوو، دەتوانی خۆت بە كاری دیكەوە خەریك بكەیت، تا تێبگات، هەروەها هەوڵبدە سەیری چاوەكانی كەسی بەرامبەرت بكەیت.
- لەگەڵ كەسانی دیكە بە متمانەوە قسە بكە، هەروەها گوێ بۆ قسەكانیان بگرە، واتە قسەكەر و گوێگرێكی باش بە، هەوڵبدە زۆر قسە نەكەیت، بەپێی دەرخستنی مەبەست و بیرۆكەكانت قسە بكە.
- لە كاتی تەوقەكردن و ماچكردنی كەسانی نزیكت گەرموگوڕ بە، نەك بە ساردوسڕی هەڵسوكەوت بكەیت و بە كەسێكی فەرامۆشكار لێت تێبگەن.
- هەمیشە بە شێوەیەكی جددی رەفتار بكە و كارەكانت ئەنجام بدە، كارەكانت بە نیوەچڵ جێ مەهێڵە و تا تەواوی نەكەیت، واز مەهێنە.
- لە كاتی دانیشتن و قسەكردندا، خۆت بە مۆبایل و ماكیاژەوە خەریك مەكە، هەروەها ئەگەر چاویلكەت لە چاو بوو، دایبگەرە خوارەوە.
- ئەگەر كەسێكی تازەت ناسی، بە جوانی لە ناوەكەی بپرسە، تا لە داهاتوودا لە بیری نەكەیت، هەروەها ئەگەر ناوی كەسێكت لە بیر چوو، بە ناوێك بانگی بكە، هەڵەش بێت خۆی راستی دەكاتەوە. ئەوكاتە بڵێ ببورە ناوەكەتم لێی تێكەڵ بووە، چونكە ئەوە باشترە لەوەی بڵێی ناوەكەتم لە بیر كردووە.
Top