یاد و بۆنەكان ساتەوەختێكی خۆش و پڕ لە شادی و كامەرانین بۆ خێزانەكەت، كەشێكە بۆ كۆبوونەوە و نزیكبوونەوەی هەمووان، لەو ساتانەدا هەمووان دڵخۆشن، ئەگەرچی ناخۆشی و گرفتیش هەبێ، ئەوا لەو بۆنانەدا ون دەبن و گیانی لێبووردەیی زاڵ دەبێ. منداڵەكانت سەرچاوەی خۆشین بۆت، تۆش ببە سەرچاوەی خۆشی بۆیان لە سازكردنی ئاهەنگ بۆ یاد و بۆنەی لەدایكبوون و دەرچوونیان، تەنانەت ئەگەر بۆنەیەكی سادە و بچووكیش بێت بۆیان ئەنجام بدە، تا لە نزیكەوە خۆشی و شادی لە نێو ماڵەكەتدا بەدی بكەیت، هەمیشە هەوڵبدە ساڵیادی رۆژی لەدایكبوونی هاوژین و منداڵەكانت لە بیر بێت، رۆژێك بەر لەوە ئامادەكاری بكە و بیكە بە سورپڕایزێك، هەوڵبدە سەرەتا دیاری بۆ ئەو كەسە دابین بكەیت كە ساڵیاد و بۆنەكەی بۆ دەكرێت، هەروەها خواردن و شیرینی بۆ هەمووانیش ئامادە بكە، ئەمە مەرج نییە بۆنەیەكی گەورە بێت، بەجۆرێك كە نموونەیەكی جوانی و پێكەوە ژیانی خێزانەكەت نیشان بدات، ئەگەر منداڵەكەت كچ بوو، هەوڵبدە كراسێكی جوان و پێڵاوێكی پاژنە بەرزی بۆ بكەیت، هەروەها بووكە شووشەیەكی بە دیاری بۆ هەڵبژێرە، تا خۆی گەورە ببینێت، ئەگەر كوڕیش بوو، جلێكی فەرمیی بۆ دابین بكە، تا خۆی لە تەمەنێكی تازەدا بدۆزیتەوە، بۆ هاوسەریشت دیارییەكی بچووك و بۆنەیەكی سادە ئەنجام بدە، تا هەست بە جوانی و گەورەیی تۆ بكات. بۆنە و یادەكان جگە لەوەی ساتێكی خۆش بۆ خێزانەكەت دابین دەكات، هەروەها خۆشەویستی و رێز زیاتر دەكات.