یارییه ئاگرینەكانی شەوی سەری ساڵ، لە هەموو وڵاتانی جیهان بە دەوڵەت و هەرێمەكانیشەوە تێچوویهكی زۆر و ماندووبوون و ئەرك و كارێكی پوختەی ویستووە، كوردستانیش لەو لایەنە بێبەش نەبووه، كە شەوی سەری ساڵ بە رازاندنەوەی شوێنە گشتییەكان و دانانی داری كریسمس و رازاندنەوەی بە ئینارە و رووناكی جێگەی سەرنجی گەشتیاران بوو، لە جیهانیشدا نمایشەكانی یاریی ئاگرینی وڵاتان بەپێی جوانیی نمایشەكە و تێچووی پۆڵین كراوە، جوانترین یاریی ئاگرینی ئەمساڵیش بەر وڵاتی ئوستڕاڵیا كەوت، كە نمایشێكی رازاوە و جوانی یاریی ئاگرینیان پێشكەش كرد، لەو شەوەدا شاری سیدنی (11) هەزار پارچە یاریی ئاگرینی ئاسمانی ئەو شارەی رووناك كردەوە، كە بڕی (6) ملیۆن دۆلاری تێچووە، یارییە ئاگریینەكانی شاری هۆنگ كۆنگی چینی ماوەی (23) خولەك بەردەوام بوو، كە بڕی (8) ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كرابوو، نزیكەی (22) هەزار پارچە یاریی ئاگرینی بۆ دابین كرابوو، شاری لەندەنی بەریتانی كە جوانترین نمایشی پێشكەش كرد ماوەی (11) خولەك بەردەوام بوو، نزیكەی (70000) یاریی ئاگرین لەندەنی رازاوە كرد، كە بڕی (14) ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كرابوو، ریۆدیجانێریۆی بەرازیلی نمایشێكی (12) خولەكی پێشكەش كرد و زیاتر لە (50) هەزار پارچە یاری ئاگرینی تەقاند، ئاسمانی شاری پاریسی فەڕەنسی بە (592) هەزار دۆلار و بە زیاتر لە (3000) یاریی ئاگرین تاوەری ئیڤلیان رووناك كردەوە، نمایشەكەی شاری دوبەی ئیماراتی و سەر تاوەری خەلیفە، ماوەی (10) خولەك بەردەوام بوو، هەروەها زیاتر لە (400) ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كرابوو، بەڵام كارەساتترین یارییە ئاگرینەكانی شاری لاهای هۆڵەندی بوو، كە بووە هۆی ئاگركەوتنەوە و سووتانی قژ و جلی خەڵك، ئەوەش بە هۆی نەسووتان و كەوتنی یارییە ئاگرینەكان لە ئاسمانەوە.