كاركردن بۆ پیاوان و ئافرەتان گرنگە، لە كۆمەڵگهی ئێمەدا زیاتر پیاوان كاردەكەن، بەشێكی زۆری ئافرەتان زیاتر كاری ماڵەوە دەكەن، ئەو كچانەی زانكۆیان تەواو كردووە، یان ئەو ئافرەتانەی كە دانەمەزروان، زۆربەی كاتەكانی ژیانیان لە ماڵن و هەردەم لە نێو چواردیواردا دەبن، ئەگەرچی حاڵەتێكی بێزاركەر و ناهەموار دروست دەكات، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە نەتوانێت لە ماڵدا كار بكات. هەندێ كار هەن، دەتوانرێت لە ماڵیشدا ئەنجامی بدەن، بۆ ئەوانەی كە ئەركی ماڵەوەیان زۆرە، یان ناتوانن بچنە دەرەوە، پێگەی (womensday) چەندین بواری كاری بۆ ئافرەتان لە ماڵدا خستۆتەڕوو، كە جێگەی سەرنجن، لەوانه: نووسین و كاری وەرگێڕان، كارێكی سانایە و دەتوانیت لە هەموو شوێنێكدا بیكەیت، كە تەنیا كاتی دەوێت و ئەو كاتە ئەگەر لە ماڵیشدا بیت، دەتوانیت ئەنجامی بدەیت، كارێكی دیكە دەتوانیت وەك نوێنەری ئۆنڵاینی كۆمپانیاكان كار بكەیت، كاروباری ئەو شوێنەی كاری بۆ دەكەیت لە رێگەی ئۆنڵاینەوە جێبەجێ بكەیت. كاری ژمێریاری، كە زیاتر لەسەر كاغەز و كۆمپیوتەرە، بوارێكە دەتوانرێت جگە لە شوێنی كار لە ماڵیشدا ئەنجامی بدەیت. دیزاینەری جلوبەرگیش، دەتوانیت لە هەموو شوێنێك كار بكەیت، واتە تەنیا دیزاینەكانت نەخش بكە و پاشان بیدە بە كۆمپانیا و شوێنەكانی تایبەت بە دیزاین، كاری بەرگدروو، یەكێكە لەو كارانەی كە شوێنێكی بێدەنگی پێویستە، تۆش دەتوانیت ماڵەكەت بكەیتە كارگەیەكی بچووكی بەرگدروو، كاروباری كۆمپیوتەر و بەشی ئایتی، زیاتر لە رێگەی ئۆنڵاینەوە ئەنجام دەدرێت، دەتوانیت سوود لەو بوارە وەربگریت كە لە ماڵەكەتدا ئەنجامی بدەیت.