كەرەستە لاوەكی و گرنگەكان بۆ دیكۆری ماڵ

كەرەستە لاوەكی و گرنگەكان بۆ دیكۆری ماڵ
كاتێك دیكۆری ماڵەكەت رازاوە دەبێت، مانای ئەوەیە كە تۆ بەردەوام نمایشێكی بچووكی دەستڕەنگینی ئافرەتان و كابانی پێشكەش بە میوانان و ئامادەبووان دەكەیت، لەو كاتەی دیكۆرەكەت بە جوانی دەردەخەیت و كەرەستە گرنگ و لاوەكییەكانت لە ماڵەكەتدا بەدی دەكەیت، ئەو كاتە تۆ براوەی نازناوی كابانێكی دەستڕەنگینی، ئەو كەرەستانەش وەك: قاپ و فەخفووری كۆن و گوڵدان و مەركانەی كۆن، كەرەستەی خواردن كە بە نەخشی جۆراوجۆرەوە هەن، گرنگە بزانیت كە ئەو كەرەستە بە نرخانە چۆن دادەنێت و لە دیكۆری ماڵەكەتدا جێگەی دەكەیتەوە، هەوڵبدە بەم چەندن جۆرە كەرەستەیە دیكۆری ماڵەكەت دەوڵەمەند بكەیت، كە بریتین لە:
یەكەم: كەرەستەی تاك، ئەو كەرەستانەن كە گەورەن و بەنەخشن، دەتوانی بە دیواردا هەڵیواسیت و شوێنێكی بۆ بكەیتەوە، یان لەسەر مێزێكی بچووكی دابنێت تا بە زەقی دیار بێ، هەروەها جوانتر دەردەكەوێ ئەگەر كەلوپەلەكانی دیكەی دەوروبەری ئەو تاك كەرەستەیە، جیاواز بن لەو شێوەی ئەو كەرەستە تەنیایە.
دووەم: كەرەستەی بچووك، هەندێ جار ئەو كەرەستە بە نرخانە بچووك و ورد دەبن، رەنگە ئەوەش بە ئەستەم ببینرێت تا دیكۆرێكی هەبێ، بۆیە دەبێ لەو شوێنانە دابنرێن كە بەرچاون، وەك : نزیك پەنجەرە و تەلەفزیۆن و دەرگاكان، تا ئەوانەی زیاتر سەیری ئەو شوێنانە دەكەن ئەو كەرەستانانەش ببینن.
سێیەم: كەرەستەی بە كۆمەڵ، كاتێك كۆمەڵێك كەرەستەی بە نرخت دەبێ، هەروەها شوێنی بەردەستیشت نییە تا ئەو كۆمەڵە كەرەستەی لێی دابنێت، دەتوانی ئەو كەرەستانە لە شوێنێك و بە كۆمەڵیان دابنێت، جگە لەوەی كەرەستەكانت لە شوێنێكدا پارێزراو دەبن، هەروەها نمایشێكی جوانیشی دەبێت.
Top