هەموومان (بورگر-Burger)مان خواردووە كە یەكێكە لە (خواردنە خێراكان - fast food)، تەنانەت ئەوانەشی نەیانخواردووە، یان حەزی پێناكەن، بێگومان شێوەیان بینیوە. بورگر پارچە گۆشتێكی سووركراوەیە لەگەڵ میوە و سەوزە لە نێو سەموونێكی خڕی گەورە دادەنرێت، وەك دەزانین رەنگی سەموونەكە سوور و زەردە، جار جارەش سپی دەردەچێ، كەچی وڵاتی ژاپۆن داهێنانی لەو خواردنەشدا كردووە، ئەوەتا بورگری رەشی هێناوەتە كایەوە. (بورگر كینگ) ئەو ریستورانتەیە كە بورگرەكانی رەنگ رەشن و بۆ ئەو كارەی سوودی لە رەژووی دار و بار وەرگرتووە، كە وا لە هەموو كەرەستەكان دەكات رەش ببن و بەبێ ئەوەی تامیشیان ناخۆش بێت، یان بگۆڕێت. ئەگەرچی ئەو بورگرە رەشە، جێگەی ویستی زۆربەی كڕیار و برسییەكان نییە، وەك ئەوەی حەزیان بۆ ئەو رەنگە رەشەی بورگر ناچێت و تا ئێستا خواستی زۆری لەسەر نییە.