كۆنترین هەڵكۆڵــــراوەكانی جیهان

كۆنترین هەڵكۆڵــــراوەكانی جیهان
كۆنترین هەڵكۆڵراوەكانی جیهان لە رۆژهەڵاتی كوردستانە و باس لە سەركەوتنەكانی پاشایەكی كورد لە (٤٢٠٠) ساڵ بەر لە ئێستا دەكات. داتاشراوەی پاشای كوردی لولوبی (ئانوبانینی) دەوروبەری (٢٢٠٠) ساڵ پ.ز، لە رۆژهەڵاتی كوردستان دروست كراوە و دەكەوێتە ناوچەی سەرپێڵی زەهاو، ئەوەی لە نەخشەكەدا دەبینرێت پادشا ئانوبانینیە بەكەلوپەلی سەربازییەوە كە لەبەرامبەریدا خواوەند عەشتار دەبینرێت و دوو دیلی بە دەستەوەیە، لە ژێرپێی پادشاشدا ٧ دیل دەبینرێت بە بێ جلوبەرگ، كە یەكیان لەژێر پێی پادشادایە و یەكەم كەسیش تاجی پادشایەتی لەسەرە. ئەوەی زۆر گرنگە ئەو نووسینەیە كە لەسەر نەخشەكەدا هەیە بە زمانی ئەكەدی نووسراوە و ئەمەش دەقەكەیەتی: (ئانوبانینی پادشای بەتوانا، پادشای لولوبی نەخشی خۆی و نەخشی خواوەندی عەشتاری لەسەر كێوی باتیر نەخشاند. ئەوكەسەی ئەم داتاشراوەو ئەم نەخشە لەناو بەرێت، بەر نەفرەتی خواوەند ئانو، ئانوتروم، بل،بلیت، رامان، عەشتار، سین، شمش، بكەوێت و دووپشتی ئەو بە با بڕوات). لولوبییەكان بەشێكن لە دانیشتووانی كۆنی كوردستان، كە لە هەزارەی سێیەمی پێش زایین لەناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ناوچەی دەوروبەری سلێمانی و شارەزوور و دەوروبەری دەریاچەی سیروان ژیاون. لولوبییەكان، لە نووسینی سۆمەری و ئەكەدیەكاندا بە (لولو،لولومی،لولوبی) ناویان هاتووە و بەخەڵكانێكی جەنگاوەر ناسراون، بەتایبەت لە سەردەمی نەرامسین پاشای ئەكەدییەكاندا كە لە 2273 بۆ 2219 پ.ز حوكمی كردووەو هێرشی كردووەتە سەر لولوبیەكان لە سەر بەردێكیش سەركەوتنەكەی تۆمار كردووە كە ئێستا لە مۆزەخانەی لۆڤەرە لە پاریس. یەكێك لە بەهێزترین پادشاكانیان (شائانوبانینی)ـە كە ناوەكەی بەمانای خوای ئاسمان دێت. ئەم پادشایە یەكێك لە كۆنترین و دەگمەنترین نەخشەكانی جیهانی لە كوردستان بۆ بەجێ هێشتووین لە ناوچەی سەرپێڵی زەهاو، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
Top