لە دێرزەمانەوە ئاماژە بەوە كراوە كە ئافرەتانی پرچ درێژ، خاوەن جوانییەكی سەرنجڕاكێشن، زۆربەی پیاوان و گەنجانیش كچ و ژنی قژدرێژیان پێ جوانە و بەردەوام سەرسامیی خۆیانی بۆ دەردەبڕن. ئافرەتێكی ئەمریكی دەڵێت: كاتێك پرچم درێژ بوو، رۆژانە داوای خۆشەویستی و پێوەندی و هاوسەریم لێدەكرا، دوای ئەوەی قژم بڕی و كورتم كردەوە، ئێستا وەك جاران سەرنجی كەسانی دیكە راناكێشم. جگە لەو ئافرەتە كە نموونەیەكی زیندوویی ئەوەیە پرچی درێژ پەسندترە لە پرچی كورت، چەندین ئەنجامی لێكۆڵینەوەش دەریانخستووە، كە ئافرەتانی پرچ درێژ جوانتر و سەرنجڕاكێشترن. گۆڤاری (ئێن)ی تایبەت بە جوانكاری لە راپۆرتێكدا باسی لە جوانی پرچی درێژ كردووە و تیایدا هاتووە: ئافرەتانی قژ درێژ، لەبەر چاو رەگەزی بەرامبەر و تەنانەت هاوڕەگەزیشیان سەرنجڕاكێشن و خاوەن جوانییەكی مەستن، چونكە جوانیی قژیان دەبێتە گەشانەوەی زیاتری روخساریان، لەلایەكی دیكەش بیركردنەوەیەكی دیكە هەیە گوایە ئەوەی پرچی درێژ بێت، جوانی روخساری لە دەست دەدات، چونكە جوانیی قژی رێگرە لە نیشاندانی جوانیی روخساری.