باخچە و پارك، دڵگیرترین شوێنە كە مرۆڤ تیایدا هەست بە كەشێكی ئارام و پڕ لەشادی دەكات، كە هەوایەكی سافی هەیە و بۆن و بەرامی گوڵیش دڵ و دەروون ئاسوودە دەكات. لە جیهاندا چەندین باخچە و پاركی ناوازە هەن، هەندێكیان جێگەی سەرنجن و كاتێك سەردانیان دەكەیت یان تەنانەت لە وێنەشدا بەرچاوت دەكەون، دەبێتە مایەی سەرسوڕمانت، ئاخۆ چۆن بەم چەشنە دروستكراوە و گوڵ و گوڵزاری هێندە جوانی تێدایە، دیارترین ئەو باخچانە بریتییە لە باخچەی گوڵ و گوڵزاری (هیتایشی) لە وڵاتی ژاپۆن. رووبەری ئەو باخچە گوڵزارە (2) كیلۆمەتر چوارگۆشیە، نزیكەی (4) ملیۆن و نیو بڕە رووەكی تێدایە، هەروەها (170) جۆرە گوڵ و گوڵزاری تێدایە، هەر گوڵێك رەنگێكە و بۆنێكە، كاتێك دەچیتە نێو ئەو باخچەیە، لەبەر جوانی و بۆن و بەرامی گوڵەكان، نازانی كامەی هەڵبژێریت و سەیری كامەشیان بكەیت، تەنیا ئەوە نەبێت بەسەرمەستیەوە سەیریان دەكەیت.