شێوازەكانی بڕینی پرچ

شێوازەكانی بڕینی پرچ
خانمان دەبێ زیاد لە پێویست ئاگاداری و گرنگی بە پرچیان بدەن، چونكە پرچیان وەك كانیاوێكی بەسەر شان و بەرۆكیان دێتە خوارەوە، تا چەند جوان بێت، هێشتا كەممە، پسپۆران دەڵێن : جوانترین پرچ ئەو پرچەیە كە لە شێوەی تاڤگەیەك بچێت، لەسەر سەرەوە بەسەر شانەكان و بەرۆكتەوە بێتە خوارەوە، بۆیە كچان و خانمان پێویستیان بە گرنگی ئەوتۆ هەیە، تا پرچیان شیاو بێت لەگەڵ سەر و چاویان، دوای هەر بڕینێكی پرچ، پێویستە بۆ چەند رۆژێك خانمان چاوەڕێ بكەن تا پرچیان دێتەوە، پاشان پێویستیان بە چاككردن و رێككردن دەبێت، بۆیە وا باشە دیسانەوە سەردانی ئارایشگا بكەن و ئەو بەشە زیادەی پرچیان نەشیاو دەكات چاكی بكەن و بیبڕن.
- بۆ ئەوانەی پرچیان كورتە، دەتوانن شێوەی پرچیان لە شێوەی شەپۆڵی دەریا بێت، هەروەها بۆ ئەوانەی پرچیان تێكەڵ و لوولە، دەتوانن ژێرەوەی لە شێوەی تەڵ تەڵ دیار بێت، بەربڵاو بێت، تا جوانتر دەربكەون، هەروەها ئەوانەی پرچیان لووسە، دەبێ دوور بكەوننەوە لە شێوەی شەپۆڵ و تەڵ تەڵ بێت، بەڵكو چاكترە بە لووسی و سادەیی بمێنێتەوە.
- ئەوانەی شێوەی دەم وچاویان خڕ و بازنەییە، واچاكە شێوازی پرچیان كورت و ورد نەبێت، بۆ ئەوەی گەورەیی و بازنەیی دەم و چاویان بشێرێتەوە، دەبێ پرچیان درێژ و بۆڕ بێت، چونكە پرچی كورت دەم و چاو زیاتر دیار دەكات، هەروەها بۆ ئەوانەش كە باڵای كورتە، ناكرێ پرچیان زۆر درێژ بێت، چونكە شێوەی بەژن و باڵایان دەكوژێت.
- دەبێ ئاگاداری جۆری پرچت بیت، كە بزانیت چ جۆرە سیشوار و تەسریحەیەكی لەگەڵدا دەگونجێت، چونكە كاتێك پرچت خاو بێت، ناتوانیت پرچت كورت بكەیتەوە، بەم شێوەیە هەردەم پرچت ناڕێك دەبێت و جێگیر نابێت، ئەگەر پرچت بۆڕ و تێكەڵ بوو، چاكترە كورتی ببڕی، تا بە جوانی بەسەریدا زاڵ بیت بۆ جوانكردن و چاككردن.
- ئەگەر حەزت بە پرچی درێژە و نیازت وایە درێژی بكەیت، دەبێ ئەوەش بزانی كە پێویستی بە خزمەت و كاری زیاترە، بۆ ئەوانەش كە پرچیان زۆرە، دەبێ بە وریایی گرنگی بە پرچیان بدەن و تێكی نەدەن، هەروەها كۆتایی پرچت رێك بكەیت، و بە شێوەیەكی یەكسان بێت، تەنانەت دەتوانی كۆتای پرچت بە تایبەت لە خوارەوە بە شێوەی پایە پایە بێت.
Top