وەرزی بەهار بە گوڵ و گوڵزاری سرووشتی دەڕازێتەوە، لەو كەشەدا هەزارەها گوڵی جۆراوجۆر و هەمە رەنگ دەردەكەون، خانمانیش دەتوانن جوانی سرووشت لە ماڵەكانیاندا بەدی بكەن، چونكە دیكۆری ماڵ تەنیا كەرەستە و كەل و پەل نییە، بەڵكو بە دانانی چەند هەنگاوێك ماڵەكەت گەشاوە دەكەیت، تۆش دەتوانی ماڵەكەت بە گوڵ و گوڵزاری رەنگاورەنگ بڕازێنێتەوە، بە تایبەت لەگەڵ هاتنی بەهار، دەبێ ماڵەكەت بە بۆن و رەنگی گوڵ رازاوە بكەی، ئەو كارەش بە دانانی كۆمەڵێك گوڵ و گوڵدانی جۆراوجۆر لە ماڵەكەتدا، بەیانیان كاتێك بۆنی و بەرامی ئەو گوڵانە، ماڵەكەت پڕ بۆن دەكەن، جگە لەوە دیكۆری ماڵەكەت گەشاوە دەكەن. دوو جۆرە گوڵ و گوڵدان هەن، یەكەمیان گوڵی سرووشتییە، پێویستی بە گرنگیدانی رۆژانە هەیە لە ئاودان و پاككردنەوە، جۆری دووەمیش گوڵی دەستكردە، كە تەنیا بۆ جوانی دادەنرێت، ئەوەیان تەنیا پێویستی بە پاك راگرتن هەیە.