ئەو رۆژەی لەگەڵ هاوژینی ژیانت بڕیاری پێكەوە ژیان دەدەن، دەبێ نیشانەیەك هەبێت وەك گوزارشتێك لە خۆشەویستی و هێمای هاوسەریت تا خەڵك بزانن كەسێك هەیە لە نێو دڵ و ژیانت، بۆیە پێویستت بە ئەڵقەیەكی رازاوە و جوان دەبێت، وەكو دەزانین لە پێشوودا زیاتر ئەڵقەی كلاسیك باو بوو، كە شێوەیەكی سادە و تاك رەنگە، بەڵام لە ئێستادا گۆڕانكاری بەسەر ئەو مۆدەدا هاتووە و شێوازی تازەی ئەڵقە بۆتە مۆدی سەرەكی لە پەنجەی خانمانی ماڕەبڕ و نیشانكراودا. مۆدە تازەكانی ئەڵقە، شێوەی تاجی سەریان وەرگرتووە، كە لە بەشی نەخشەكەیدا، هاوشێوەی تاجێكی بچووكی سەر چێكراوە، بۆئەوەی وەك چۆن تاج بە مانای شكۆمەندی دێت، ئەڵقەی پەنجەش مانای خۆشەویستی و هاوسەری بدات، هەروەها شێوەی سەرەكییەكەی كە پەنجە دەگرێت، لە مۆدی سادە گۆڕاوە بۆ لار، بە تایبەت لەلای بەشی سەرەوەی دەچەمێتەوە و بەمەش شێوازێكی سەرنجڕاكێش نیشاندەدات. دەكرێت ئەڵقەی پەنجە و هاوسەری لە زێڕ یان ئەڵماس یان زیوو بن، هەر یەكەشیان نەخش و شاكاری جوانی خۆیانیان هەیە.