پەرستگای زەردەشـت

پەرستگای زەردەشـت
دەربارەی ئایینی زەردەشتی، چەندین زانیاری هەمە چەشن هەن، بەڵام دیارترینیان ئەوەیە كە لە وێكپێدیا ئاماژەی پێكراوە، دەگوترێت زەردەشت فەیلەسووفێكی ئاسیا بووە و دامەزرێنەری ئەو ئایینە بووە، لە ناوچەكانی ئازربایجان و ئێران و كوردستاندا بانگهێشتی بۆ ئایینەكەی كردووە، زمانی ئایینەكەی ئاڤێستا بووە وكە هەمان ناوی كتێبەكەی بووە، دەربارەی ناوەكەی چەندین تێڕوانین هەیە یەكێكیان (زاراوسترا) یان (زرادتشت) بووە، لە كتێبە كوردییەكانیش هەر بە ناوی زەردەشتەوە ئاماژەی پێكراوە، زانتوسیش لە كتێبی لیدیكیا و ئەفڵاتونیش لە كتێبی ئەلكیبیادس و لەلای یۆنانییەكانیش بە ناوی (زۆرۆاستراس) ناوزەند كراوە، زیاتر ئاماژە بە ناوەكەی كراوە كە پێكهاتەی ناوی زەردەشت لە دوو بڕگەیە و (زرت و ئۆشترە)یە، بە مانای (زێڕ و جوانی) دێت. زەردەشت لەشاری ئازربایجانی ئێران لە دایك بووە و ناوی باوكی (بورۆز هازیۆ) و دایكیشی (دۆگدما)یە، لە هۆزی (سپیتاما) بوون، دیارترین ئاسەوارەكانی زەردەشتی، پەرستگای زەردەشتە دەكەوێتەلە سەروی شاری ئاكرێ و 220م لە خوار قەڵاكە پەرستگای زەردەشتیەكان هەیە. پەرستگاكە لە ناو ئەشكەوتێكدایە و بەناوی پەرستگای ئاگری، ئەو ئەشكەوتە لە (3) ژوور پێكدێت و بە دەرگا بەیەكتر بەستراوەتەوە، درێژی ژوورەكان (12) مەتر درێژی و (4) مەتر بەرزی و (2) مەتر پانە، هەر سێ ژوورەكە دەرگای تایبەتی خۆی هەیە و بەڵام لە ژووری سێیەم ئاو هەڵدەقوڵێت، لە ژووری دووەم و سێیەمدا، سەكۆیەكی بەردینی هەیە كە درێژییەكەی (7) مەتر دەبێت و هەروەها كورسییەكی بەردینی وا دیارە تراشراوە و لە ژوورەكە دانراوە.
Top