ساڵانە هەردوو پێشبڕكێی شاجوانی جیهان و گەردوون ئەنجام دەدرێن، هەر یەكە بە بەشداری كۆمەڵێك شاجوانی وڵاتانی جیهان، لە پێشبڕكێیەكەدا بەشدار دەبن، بۆ بە دەستهێنانی نازناوی شاجوان، رێوڕەسمی پێشبڕكێی شاجوانی جیهان لە مانگی (12)دەدا دەكرێت، ئەمجارەیان لە هۆڵی (ئۆكسۆن) لە شاری واشنتۆن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەڕێوەچوو، كە تیایدا كچە شۆخ و شەنگی وڵاتی پۆرتری ریكۆ (ستیڤانی دێل فایی)، نازناوەكەی بەدەستهێنا، ستیفانی تەمەنی (19) ساڵەو درێژی باڵای (178) سەنتیمەترە و بە شانازییەوە نوێنەرایەتی ناوچەی كاریبی كردووە كە خۆی لە بواری میوزیك و هونەردا كاردەكات، پێشبڕكێی شاجوانی جیهان بەبەشداری نوێنەری (69) وڵات بوو، وا بڕیاربوو كە شاجوانی عێراقیش بەشدار بێت، بەڵام لە رێوڕەسمەكەدا دەرنەكەوت، خاوەن براوەی شاجوانی جیهان خەڵاتێكی (94) هەزار دۆلار وەردەگرێت و تاجی شاجوانیش لەسەر دەكات. مێژووی شاجوانی جیهان، بۆ ساڵی (1951) دەگەڕێتەوە. هەروەها هەردوو هاوەڵ شاجوانیش بریتیی بوون لە (یاریستا رامێریش لە كۆماری دۆمینێك و میرییا لاگوانای ئیسپانی). هەروەها پێشبڕكێی شاجوانی گەردوونیش بە بەشداری نوێنەری شاجوانی (86) وڵاتانی جیهان، لەشاری (مانێلا) پایتەختی وڵاتی فلیپین، بۆ هەڵبژاردنی شاجوانی گەردوون ئەنجامدرا، لەو پێشبڕكێیەدا شاجوانی وڵاتی فەرەنسا كە ناوی (ئیرێس میتینێر)ـە و كاری پزیشكی دەكات، بووە شاجوانی گەردوونی (65) پێشبڕكێی جیهانی گەردوون و هاوەڵەكانیشی بریتیی بوون لە راكێل بیلیسەر شاجوانی هایتی و ئەندریا تۆڤار شاجوانی كۆڵۆمبیاش بووە دووەم هاوەڵی شاجوان.