بۆ زانیاریت: مار و كاسەكەی پزیشكی و دەرمان

بۆ زانیاریت:  مار و كاسەكەی پزیشكی و دەرمان
یۆنانییەكان لە دەوروبەری سەدەی حـەوتەمی پێش زایینی بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیی جۆراوجۆر زۆر باوەڕیان بە سیحر و جادوو هەبوو. لە نێوان جادووگەرەكاندا كەسێك هەبوو بە ناوی (ئەسكلیپیۆس) كە خواوەندی پزیشكیی یۆنانیش بووە، بەپێی ئەفسانەیەكی یۆنانی باسی كراوەو دەڵێت: نەخۆشەكانی چارەسەر دەكرد لە رێگەی دەستلێدان لە گۆچانەكەی، یاخود لێدانی دەستیان لە زمانی مارێك كە هەمیشە مارەكە لەگەڵ ئەم كەسە بووە. پاش تێپەڕینی كات ژمارەیەك شوێنەوار دۆزرانەوە كە بریتی بوون لە پەیكەری یۆنانی و چەند پەیكەر و پارچەیەك سەبارەت بەم كەسە دانایە، یەكێك لە پەیكەرەكان بریتی بوو لە پەیكەری ئەم دانایە لەگەڵ كچەكەی كە یارمەتی باوكی داوە لە ئەنجامدانی كارەكانی. لە پەیكەرێكیدا ئەسكلیپیۆس بەرجەستە بووە كە گۆچانێكی هەڵگرتووە و مارێك خۆی پێوە ئاڵاندووە، كاسێكیشی بە دەستەوەیە كە وادیارە لەناو كاسەكەدا گیراوەیەكی دەرمانی هەبێت. دواتر ئەم گۆچانە كە مارێكی بە دەوردا ئاڵاوە، بووە نیشانەیەك بۆ پزیشكی و دەرمانسازی لەسەر ئاستی جیهان بۆ ساڵانێكی دوورودرێژ، بەڵام پاش ئەوەی دەرمانسازی جیاكرایەوە لە پزیشكی و بووە بوارێكی تایبەت و نیشانەكەی گۆڕا بۆ مارێك كە خۆی ئاڵاندووە لە كاسێك و تەماشای ناو كاسەكە دەكات، ئەمەش وەك نیشانەیەك بۆ ئەو كاسەی كە كچەكەی ئەسكیلابیۆس هەڵیدەگرت و دەرمانەكەی تێدابوو.
Top