دەستڕەنگینیی ئافرەتان و كاروباری رۆژانەی پیاوانی جاران لە نێو ژیانی كوردەواریدا، بە چەندین پیشەی خۆڕسك بەناوبانگ بوون، زۆربەیان كاری رستن و چنینی فەرش و مافوور و رایەخ و بەرماڵیان دەكرد، رۆژانەی ژیانیان بەو پیشە كۆن و دەستییانە خەریك دەكردو بەرهەمەكانیشیان جێگەی سەرنجی خەڵكی ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان بوون. سەردەمی رستن و چنینی مافوور و كومبار و فەرش بۆ ساڵانی چلەكان دەگەڕێتەوە، ئەو كاتە بە سەردەمی بەرهەمی كاری دەستی ناسرابوو، پێشبینی دەكەن كە مێژووی كاری دەستی بۆ هەزاران ساڵ بگەڕێتەوە، زیاتر ئافرەتان كاری دەستڕەنگینی رستن و چنینیان كردووەو دەیكەن، وەك پیشەیەكیش ماندووبوونی زۆرە و پڕە لە بیركردنەوە تا بەرهەمەێك بێت بە دیزاینێكی جوانەوە. جاران و ئێستاش زۆربەی كارگەكانی ئەو پیشەیە پڕن لە ئافرەتانی دەستڕەنگین. نەخشكاری و دیزاینی كاری دروستكردنی فەرش و مافووری كوردەواری، گوزارشت لە داب و نەریت و كەلتوور و بۆنە و یادەكانی كوردەواری دەكات، تەنانەت ئێستا چەندین هۆڵی نمایشكردنی فەرش و مافووری كوردی هەن، زۆربەشیان دەكەونە نێو قەڵای هەولێر، نرخی مافوور و فەرشی كوردی دەستكرد نێوان (200 تا 5000) دۆلار دەبێت، لە كاری دەستڕەنگیندا، هەر تەنیا فەرش و مافور بەرهەم ناهێنرێن، بەڵكو چەندین كەرەستەی نێوماڵی دیكەش دروست دەكرێن. مافوور لە خورییە و رایەخ و و جاجم و جواڵ لە مەرزی بزن دروست دەكرێت، بەڕەش هەبوو لە خوری بوو، مافوور بە دەست دەچنرێت، یان بە تەون دەكرێت، كارگەی مافووریش هەبووە كە لە دار بووە و لە ئێستادا بۆتە كارگەی تەواو، پێشتەماڵ هەبوو لە جاجم بچووكترەو لە بەتانی تەنكترە، هاوینان بەخۆدا دەرا، دەسترازەی منداڵ لە خوری دروست دەكرا بە نەخش و رەنگاوڕەنگ بوو، كەژی هەیە لە بەنی موو و خوری دروست دەكرا كە دواتر دەكرایە گوریس، رەشماڵ لە موو و بە دەست دروست دەكرا، هەروەها رایەخ و بەڕمال و وێنەی دیوار لە فەرشی بچووك و بەرگە سەرین و شتی دیكەی ماڵێش بە دەست دروست دەكران، لە دروستكردنی ئەو كەرەستانە پێویستە خوری بكرێتە بەن و پاشان بیهۆننەوە، مووی بزنیش پاك دەكرایەوە و چێ دەكرا تا دەبووە مەرەز. درێژی و پانی ئەو كارە دەستكردانە دیاریكراو نەبوو، بەڵكو هەندێ جار بۆ شوێنی تایبەت دەچنراو دروستكرا، لاكێش زیاتر پانییەكەی مەترێكە و درێژییەكەی زیاترە، بەڵام پێوانەی مافوور ئەوەی كە باوە (3 بە 4)ـە و پێوانەی دیكەشی هەیە. نەخشكاری و رەنگەكانیش بە لێهاتوویی و دەستڕەنگینی ئافرەتانەوە پەیوەست بوو، پیاوان كەمتر لەو بوارە كاریان كردووە، بەهۆی ئەوەی خەریكی كاری دیكە بوون. بەڵام زۆر جاریش لە دانانی نەخشە و دیزایین پیاوانیش بەشدار بوون. ئەو بەرهەمانە زیاتر لە مەرزی بزن و خووری مەڕن، نەخشكاری و رەنگەكانیش لەو مەرز و خووری رەنگكراو دروست دەكرێن، دروست كردنی بەرهەمێكی كاری دەستی سەرەتا بە درووێن دەستپێدەكات و پاشان لێدانی مەرەز و خووری و قوماش، دواتر رێكدەخرێن و لەیەكتر بە تەون و كارگە ئامادە دەكرێن، ئەو كارە پێویستی بە لێهاتوویی و بیرۆكەی ژیرانە هەیە تا وێنەیەك، یان نەخشێك لە نێو كەرەستەكەدا بچنیت، بۆ نموونە: فەرشێكی رووبەر (12) مەتر دووجا، بڕی زیاتر لە (80) كیلۆ خوری مەڕی پێویستە، هەروەها ئەگەر سەراپای بە دەست بچنرێت، ماوەی (2) تا (3) مانگی دەوێت، لەئێستادا فەرش و مافوور بە دەست كەمتر دروست دەكرێن و زیاتر لە كارگەی رستن و چنین بەرهەم دەهێنرێن.