ساڵانە لەگەڵ هاتنی ساڵی تازەوە، سەراپای وڵاتانی جیهان، ئاهەنگی ئەو رۆژە لە سەرەتای چركەساتی درەنگانی شەو دەگێڕن، هەر یەكە بەپێی شێواز و ئامادەكاری ئەو ساڵە بۆ ئەو شەوە، شارەكانی وڵاتەكەیان بە جوانترین رووناكی و داری كریسمس و دیكۆر و دیزاینی رەنگاورەنگ دەڕازێننەوە، هەروەها شوێنێكیش تەرخان دەكرێت بۆ كردنەوەی یاری ئاگرینەكان (Fireworks)، وەك نەریتێكی باو لە هەموو وڵاتێكدا لەگەڵ هاتنە خوارەوەی ژماردنی (10) بۆ (1) دەست بە نمایشكردنی ئەو یارییە ئاگرینانە دەكرێت، بەهۆی ئەو رەوشە نا لەبارەی كوردستان و شەڕی تیرۆریستان و شەهیدانی ئەو كۆمەڵە پێشمەرگەیە، لە كوردستان بە شێوەیەكی گشتی یاریی ئاگرین نمایش نەكرا، وەك رێزێك بۆ كەسوكاری ئەو شەهیدانەی لە پێناو كوردستان خۆیان بەخت كرد، لە وڵاتانی جیهانیش بەپێی پێگەی جوگرافی یەكەمین وڵات (نیوزیلەندا) بوو كە سەری ساڵی تازەی كردەوە، دوا وڵاتیش كەنەدایە كە دەكەوێتە كیشوەری ئەمریكا، بەڵام جوانترین یارییە ئاگرینەكانی وڵاتانی جیهان، شەوی سەری ساڵی وڵاتی ئوستڕاڵیا بوو، كە نمایشەكەیان لە شێوەی شەپۆڵ بوو، شوێنی كردنەوەی یاری ئاگرینی گشتی لەسەر پردی (هاربۆر) و (ئۆپێرا هاوس) بوو، نمایشەكە جوانترین و سەرنجڕاكێشترین بوو، ماوەكەشی (12) خولەك بوو، بە میوزیك و گۆرانییەكانی (پرینیس ئەند دەیڤەد بۆوی) نمایشەكە ئەنجام درا، دووەمین جوانترین یاری ئاگرینی، نمایشی سەری ساڵی وڵاتی بەریتانیا كە لە شاری لەندەن نزیك كاتژمێری بێگ بین سازكرا، سێیەمین جوانترین یاری ئاگرینیش بەر وڵاتی چین كەوت كە لە شاری هۆنگ كۆنگ ئاسمانی ئەو وڵاتەی پێی رازێنرایەوە.