مۆدەكانی ماكیاژ لە ساڵی (2017)
December 26, 2016
رەنگا و ڕەنگ
ماكیاژی سموكی چاو: ئەو مۆدەیە كە بە چاوی پشیلە ناسراوە، زیاتر رەنگی تۆخ بەكاردەهێنرێت، هەروەها لەگەڵ تێكەڵكردنی رەنگەكانی پرتەقاڵی و سەوز بەكاردێت، لەلایەكی دیكەشەوە ماكیاژی چاوی پشیلە، مۆدێكی پایەبەرز دەبێت و بەدانانی هێلەكانی چاوی باریك و ئەستوور، كە ئەوەش بە ئایلاینەر ئەنجام دەدرێت، لەبیریش مەكەن كە مۆدی ئایلاینەری شین و سەوز مۆدێكی پڕ سەرنجی چاوەكان دەبێت.
رەنگی تاریك و تۆخ بۆ لێوی پڕ: مۆدێكی باوی ماكیاژی ساڵی داهاتوو دەبێـت، بەتایبەت بۆ لێو، كە لەمۆدی كلاسیك دوور دەبێت، رەنگە تۆخەكانیش رۆڵی خۆیان دەبینن، بەتایبەت رەنگی تاریك وەك: رەنگی فراولە، وەنەوشەیی، رەنگی شیكۆڵاتە، رەنگی رەساسی تۆخ، هەموو ئەوانە لێو بە پڕی و تۆخی نیشان دەدەن و مۆدێكی باویش دەبێت لە داهاتوودا.
رەنگی رووناكیی پشت چاو: شێوازێكی دیكەی ماكیاژە لە ساڵی نوێدا، كە زیاتر پشت چاوەكان بە رەنگی رووناك و كراوە دەڕازێننەوە، مەرجە ئەو رەنگانە بریقەدارو رووناك بن، تا گۆڕانكاری بكرێت لەشێوەی پێشوودا كە زیاتر رەنگی تاریك بۆ پشت چاوەكان بەكاردەهێنران.
برۆی پان و كراوە: شێوازێكی سەرنجڕاكێشی جوانیی برۆ دەبێت، كە مۆدی برۆی پان و ئەستوور باو دەبێ، ئەگەرچی ئەو مۆدە لەساڵی (2016)شدا باو بوو، بەڵام پێشبینی دەكرێت ئەو شێوازە لە ساڵی تازەشدا لووتكەی مۆدی برۆ بگرێت.
برژانگی پڕو زۆر: گرنگە برۆت پان و ئەستوورو پڕ بێت، هەروەها برژانگەكانت درێژو پڕاوپڕ بێت، بۆیە ئەویش دەبێتە مۆدی سەرەكی بۆ ماكیاژی ساڵی داهاتوو.
